لۆبی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق كۆدەكرێتەوە



بڕیارە سبەینێ‌ پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوەی پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كۆببێتەوە و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمیش دەڵێت: “دەچێتە پەرلەمان و ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلمان ئامادە و چاپ کردوە لەسەر چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی وئیداریی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەپێناو لۆبی كردن بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژە یاساكە”.

ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە نووسینێكدا بەناونیشانی “بەتەنیا جێت ناهێڵین” ئاماژەی بەوەكردووە، ڕۆژی یەک شەممە ٢-٤-٢٠٢٣ ئامادە دەبین لە بەغدا لە کۆبونەوەی ژمارە ١٧ ی پەرلەمان لەگەڵ دڵسۆزانی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان لە خزمەت فراکسیۆن و کوتلە جیاوازەکان، کە وا بڕیارە کاتژمێر ٨:٣٠ ئێوارە كۆبوونەوەكە دەست پێ بکات و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکرێت وەک لە بڕگەی دووەمی ئەجێندەکە هاتووە، لە پێناو لۆبی کردن بۆ زوو تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای هێنانە کایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق و پێدانی سیفەتی بەپەلە (استعجال) بە پڕۆژە یاساکە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بە زمانی عەرەبیش ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلمان ئامادە و چاپ کردوە و دابەشی دەکەین بەسەر سەرۆک کوتلە و ئەندام پەرلەمانەکاندا، کە تیایدا چوارچێوەی دەستووریی و یاسایی و ئیداریی و قۆناغەکانی بابەتەکەمان خستۆتەڕوو بە خستنەڕووی ئەو ماددە دەستوریانەی پشتیوانی پڕۆژەکە دەکات و هەموو ئەو بڕیار و دۆکیۆمێنتانەی، کە پێشتر بۆ ئەم بابەتە دەرچوون لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم.

جەختیشی كردۆتەوە، هەر لە ڕاپۆرتەكەدا ژێرخانی ئیداری پارێزگاکە و کورتەیەک لە مێژووی هەڵەبجە و قوربانیەکانی و پڕۆژە و پێداویستیەکانی هەڵەبجە خراونەتەڕوو لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوە و وەبەرهێنان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ڕۆڵەکانی ئەو شارە بریندارە تا لە پڕۆژە یاسای بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ جێیان بکەینەوە.

دەشڵێت: “ئومێدەوارم پڕۆژە یاسای پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پێش تێپەڕبوونی یاسای بوودجەی فیدڕاڵ بێت تا هەڵەبجە سوودمەند بێت لە یاسای بوودجە وەک لە ماددەی ١١٢ ی دەستوور هاتووە هەڵەبجە شایستەی بوودجەیەکی ئیزافیە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیان و وێرانکارییەی لەسەر دەستی ڕژێمە لەناوچووەکان و تاوانی جینۆساید بەسەر یدا هاتووە”.

ئەمڕۆ مان سیتی ڕووبەڕووی لیڤەرپوڵ دەبێتەوە
پێشت ئەمڕۆ مان سیتی ڕووبەڕووی لیڤەرپوڵ دەبێتەوە
كاروانێكی تری یارمەتی سەربازی گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان
دواتر كاروانێكی تری یارمەتی سەربازی گەیشتە ڕۆژئاوای كوردستان
ەیوەندیدار