“دۆخی بریندارانی چەكی كیمیایی خراپە”



دۆخی بریندارانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە لە ئاستێكی زۆر خراپدایەو نزیكەی 25 بریندار بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری پێویستیان بە ناردنە دەرەوەی وڵاتە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دۆخی بریندارانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە زۆر خراپە و پێویستیان بە چارەسەر و نەشتەرگەری هەیە.

دەشڵێـت “بەشێكی زۆری بریندارانی چەكی كیمیایی لەسەر ئەركی خۆیان چارەسەریان وەرگرتووە، نزیكەی 25 بریندار پێویستییان بە نەشتەرگەریی چاندنی گلێنەی چاو هەیە، بەڵام هیچ هاوكارییەك ناكرێن تا ببرێنە دەرەوەی وڵات و چارەسەر بكرێن”.

لە ماوەی ڕابردوودا بەشێك لە هاووڵاتییان و كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر پشتگوێخستنیان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەربڕیوە و بەئەو هۆشەوە ڕێوڕەسمەكانی ئەمساڵی ساڵوەگەڕی كیمیابارانی شارەكەیان لە 16ی ئاداری 2023 بایكۆتكرد.

هاووڵاتییان و كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بەوەشەوە نەوەستان چوونە پێش باڵەخانەی ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر، لوقمان عەبدولقادر، دەڵێت، تا ئێستا وەڵامی داواكارییەكانیان نەدراوەتەوە و ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا وەڵام نەدرێنەوە هەڵوێستی دیكەیان دەبێت.

لە تەواوی هەرێمی كوردستان ئەو ناوچانەی كیمیاباران كراون تا ئێستا 834 برینداری چەكی كیمیایی لە ژیاندان، تەنها لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە 270 برینداری چەكی كیمیایی لە ژیاندا ماون، بەڵام باری تەندروستی سەرجەم بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە لە بارودۆخێكی ناجیگیردایە، ئەوەش بەهۆی مانەوەی كاریگەریی چەكی كیمیایی لەسەر جەستەیان.

 

بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکە ڕاگیرا
پێشت بەنزینە ٦٩٠ دینارییەکە ڕاگیرا
پەكەكە ئاگربەستی درێژكردەوە
دواتر پەكەكە ئاگربەستی درێژكردەوە
ەیوەندیدار