بوومەلەرزە پشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم و توركیای شكاند



سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك: بەهۆی بوومەلەرزەكانی شووباتەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و هەرێم 80% كەمیكرد

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك دەڵێت، بوومەلەرزەكانی شەشی شوبات، كاریگەرییەكی خراپی لەسەر بازرگانی نێوان توركیا و ھەرێمی كوردستان دروستكرد كە بە رێژەی لەسەدا ٨٠ كەمی كردبوو، بەڵام ئێستا باشتر بووە.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك، ئەیاد حەسەن رایگەیاند: “دوای بوومەلەرزەكانی شەشی شوباتی توركیا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل لەگەڵ توركیا بە رێژەی لەسەدا ٨٠ كەمی كردبوو، بەڵام ئێستا بەرەو باشتربوون دەڕوات”.

ئەیاد حەسەن رایگەیاند: “لە كاتی بوومەلەرزەدا، غازی عەنتاب كە كارگەی پیشەسازی زۆری لێیە زیانی زۆری پێگەیشتبوو، بەڵام دوای دەربازبوونی زیاتر لە مانگێك بازرگانی نێوان ھەرێم و توركیا بەرەو باشتربوون دەڕوات، چونكە حكوومەتی توركیا ھەڵساوە بە چاككردنەوەی ئەو رێگایانەی زیانیان بەركەوتووە و كۆمپانیاكانی گواستنەوە جارێكیتر دەستیان بە كارەكانیان كردووەتەوە و جارێكیتر بازرگانەكانی ھەرێم بۆ مەرامی بازرگانی روو لە توركیا دەكەن”.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك، ئاماژە بەوەشكرد سیستەمی نوێی بانكی ناوەندی، بووەتە ھۆكارێك بۆ كەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، چونكە پێشتر بازرگانەكان لە رێگەی نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراوەوە گواستنەوەی حەواڵەیان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا پڕۆسەی حەواڵە لە رێی بانكەوە زۆری پێدەچێت، ھەندێكجار ٢٠ رۆژ تێدەپەڕێت تا پارەكە لە عێراقەوە بگاتە دەست خاوەن كۆمپانیا یان خاوەن كارگەكان، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی كۆمپانیاكان تاوەكو حەواڵەیان بەدەست نەگات، كەلوپەلی بازرگانان رەوانە نەكەن، بەڵام بێگومان ئەم ھەنگاوانەی با‌نكی ناوەندیی عێراق بۆ ئەوەیە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر بەھاكەی لەدەستنەدات و كۆنترۆڵی ئەو حەواڵەیە بكرێت كە بۆ مەرامی بازرگانی حەواڵەی دەرەوەی دەكرێت و پێم وایە ماوەیەكی پێدەچێت تاوەكو بازرگانەكانی ئێمەش حسابی بانكی دەكەنەوە و شارەزای سیستەمی نوێی بانكی ناوەندی دەبن.

ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ھەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا گەیشتە سەرووی ٢٠ ملیار دۆلار و ئامانجی نوێی توركیا و عێراق ئەوەیە كە قەبارەی ئاڵوگۆڕەكە بگەیێننە ٥٠ ملیار دۆلار.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆك پێیوایە سەقامگیربوونی بەھای دراو گرنگی خۆی ھەیە لە پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا، ئەو جیاوازییەی لەنێوان نرخی فەرمی دۆلار و نرخەكەی لە بازاڕی عێراق و هەرێمی كوردستاندا ھەیە، كاریگەری زۆری لەسەر جوڵە و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی ھەیە.

بانكی ناوەندیی عێراق رۆژانە بە بڕی جیاواز دۆلار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێك بە ١٣٢ھەزار دینار دەخاتەڕوو، بەڵام دەیداتە ئەو كەس و كۆمپانیایانەی رێكارەكانی بانكەكە پەیڕەو دەكەن و لە بازاڕەكانی دراویشدا بەھای دینار جێگیر نەبووە و ماوەی زیاتر لە مانگێكە ١٠٠ دۆلاری ئەمریكایی بە زیاتر لە ١٥٥ ھەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

ئەیاد حەسەن پێی وایە “شێوازی دانی باجیش بۆ بازرگانەكان كێشەیە كە ھەندێكیان بە دینار دەدرێت و ھەندێكیانیش بە دۆلار، ئەمەش دەبێت چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی جوڵەی بازرگانی زیاتر بەرەو پێش بچێت”. ئەو لەم بارەیەوە گوتی: “بازرگانی بچووكمان ھەیە كە نزیكەی‌ ٥٠ ھەزار دۆلاری ھەیە و بازرگانی پێوە دەكات، ئەمانە كاریگەری زۆریان لەسەر دروستبووە، چونكە دوای رێكارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق ئەمانە دەبێت كۆمپانیایەك دابمەزرێنن و هەژماری بانكیی بە ناوی كۆمپانیا بكەنەوە، پێویستییان بە كاتە تاوەكو كێشەكانیان چارەسەر دەكەن”.

سەرۆكی ژووری بارزگانی و پیشەسازی دھۆك باسی گرنگی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە كرد : “بە پەسەندكردنی پڕۆژەكە، عێراق بوژاندنەوەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، چونكە بوودجەكە بۆ ماوەی سێ ساڵە، ھەروەھا جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەنێوان عێراق و توركیا باشتر دەبێت”.

یاسای هەڵبژاردنی هەرێم هەمواردەكرێتەوە؟
پێشت یاسای هەڵبژاردنی هەرێم هەمواردەكرێتەوە؟
باران بارین بەردەوام دەبێت
دواتر باران بارین بەردەوام دەبێت
ەیوەندیدار