دادگای نێودەوڵەتی بڕیارێکی دژی نەوتی هەرێمی کوردستان دەرکرد



دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە حكومەتی عێراق لەسەر توركیا تۆماری كردبوو، بڕیاریدا. بەوەش گورزێكی گەورەی لە ئابووری هەرێمی كوردستان وەشاند و پێگەی هەولێر بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا لەسەر یاسای نەوت و غاز لاوازتر دەكات.

بەپێی هەواڵێك، ماڵپەڕی (ئارگۆس میدیا) بڵاویكردۆتەوە، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاری داوە ڕێگە نەدات ئەو بارانەی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانه‌وه‌ هەڵدەگرن، بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بەندەری جەیهان بەجێبهێڵن.

دۆسیەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی (ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس) ماوەی نزیکەی 9 ساڵە بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیەی عێراق لەسەر توركیا تۆماری كردووە و تیایدا بانگەشەی ئەوەی كردووە تورکیا ڕێککەوتنی ترانزێتی بۆرییەکانی ساڵی 1973ی پێشێلکردووە بە ڕێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.

ناکۆکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ،٢٠١٤ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیانە کێڵگە نەوتییەکانی بە دەروازەی سنووریی تورکیا لە فیشخابور بەستەوە و دەستی بەسەر هێڵی بۆری عێراق-تورکیادا گرت، کە ئێستا هەیە. ئەو بۆرییە پێشتر نەوتی خاو لە کێڵگەی نەوتی کەرکوکەوە دەگەیاندە بەندەری جەیهانی تورکیا.

ئەم سکاڵایە پێشتر عێراق تۆماری کردووە و بە فشاری تورکیا چەند جارێک دواخرابوو، چونکە لە سکاڵاکەدا عێراق داوای قەرەبووی 34 ملیار دۆلار لە تورکیا دەکات و تۆمەتباری دەکات بەوەی پرۆسەی بەبازاڕکردن بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.

کوردستانی عێراق پشت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی تورکیاوە دەبەستێت و بڕیارەکەی دادگای پاریس-یش زیاتر دەستی هەولێر دەبەستێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر چوارچێوەیەکی یاسایی دەسەڵاتدار بۆ کەرتی نەوتی وڵات و پێگەی لاواز دەکات.

بەم پێیەش حکوومەتی سودانی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ هەرێم بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق لە ئێستا دوو پاڵپشتی یاسایی بەهێزی بۆ دروست بووە، كە ئەوانیش بڕیاری دادگای پاریس و بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق لە شوبات-ی 2022ەوە کە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانی بە “نادەستووری” ناساند. هەروەها دادگای فیدراڵی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پووچەڵ کردەوە.

بەغدا، لەو کاتەوە هەوڵی ئەوە دەدات سەرچاوەکانی وزەی کوردستان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی فیدراڵی. وەزارەتی نەوتی ئەو وڵاتە ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە پڕۆسەی تەسفیەکردن و دەرچوون لە تەندەر و گرێبەستەکاندان لە کوردستان پابەندن بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی.

جگە لەوەش کۆمپانیای بازرگانی گەورەی ترافیگورا لە کۆتایی مانگی یەک-دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم پچڕاند، ئەمەش هەنگاوێکە تەنها ئاستەنگەکانی هەرێمی کوردستان گەورەتر دەکات و توانای بەبازاڕکردنی نەوتی خاوی خۆی ئاڵۆزتر دەکات.

 

لە بەسرە 95 سواڵكەر دەستگیركران زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن
پێشت لە بەسرە 95 سواڵكەر دەستگیركران زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانن
سعودیە لەبارەی عومرەكردن لە ڕەمەزاندا بڕیارێكی دەركرد
دواتر سعودیە لەبارەی عومرەكردن لە ڕەمەزاندا بڕیارێكی دەركرد
ەیوەندیدار