ساڵوەگەڕی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەیە



 

لە 16ی ئاداری 1988 لەلایەن فڕۆكەكانی ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لە گەرمەی جەنگی ئێران و عێراقدا شاری هەڵەبجە كیمیابارانكرا.

بەپێی ئامارەكان لە ئەو هێرشە كیمیاییەی فڕۆكەكانی سووپای ڕژێمی پێشووی عێراقدا زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە هاووڵاتیانی شاری هەڵەبجە كە ژن و منداڵی زۆریشی تێدا بوون، شەهیدبوون و 10 هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون، دەیان كەسی دیكەش بەتایبەت منداڵ ونبوون.

بەپێی سەرچاوەكان جۆری ئەو چەكە كیمیاییانەی لە هێرشەكاندا بەكارهێنراون، تایبەت بوون بە تێكدانی مێشك و دەمار و خنكاندن، كە بریتی بوون لە سارین، سیانید، فسفۆڕ، تابوون، خەردەل، ڤی ئێكس، گازی دەمارەكان.

شایەتحاڵانی كۆمەڵكوژییەكە دەڵێن، هێرشەكان بۆنی سێوی لێهاتووە، كۆمەڵێك لە شەهیدەكان بەخێرایی گیانیان لەدەستداوە، بەشێكیشیان ماوەیەكیان پێچووە و تووشی كۆكە بوون و چاویان ئاوی كردووە و گیانیان سپاردووە، خنكان و سووتان‌و تەنگەنەفەسی‌و كۆكە‌و كوێری و ڕشانەوەی ڕەنگ سەوزیش هەبوون.

ڕزگاربووانی ڕووداوەكە بە هاوكاری پێشمەرگە و ئێرانییەكان بەخێرایی زۆربەی تەرمەكانیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا ناشتووە‌و دوای گەڕاندنەوەی هەڵەبجە لەدەست سوپای ئێران و پێشمەرگەكان، هێزە عێراقییەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە كاریگەریی چەك و پەلامارەكانیان بە جلوبەرگی پارێزەرەوە چوونەتە نێو هەڵەبجە. كە ئەوكات بەشێكی زۆر جەستە و شەهیدی شیبووەوە لە شارەكە مابوون.

لە دوای ئەو كۆمەڵكوژییە گەورەیەی ڕژێمی عێراق هەڵوێستێكی تووند لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دژی عێراق نیشان درا، هەندێكیشیان ئێرانیان بە ئەنجامدەری هێرشەكە تۆمەتباركرد.

لە دوای 35 ساڵ لە كۆمەڵكوژییەكە هێشتا كاریگەریی هێرشەكە ماوە و هێشتا بەشێكی بەركەوتووەكان لەژێر چارەسەردان، لە ساڵانی ڕابردووشدا بەردەوام گیانلەدەستدانی بەركەوتووان هەبووە.

نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، دڵ، پێست، چاو، نەزۆكی و چەندین حاڵەتی دیككە لەناو بەركەوتوواندا هەبووە.

هەروەها دۆزرانەوەی منداڵە ونبووەكان دوای 35 ساڵ بەردەوامە، كێشەیەكی دیكەی بۆ منداڵەكان و ئەو بنەماڵانە دروستكردووە كە منداڵەكانیان ونبوون.

هەڵەبجە دوای 35 ساڵ جگە لە ڕێكخستنی بۆنەیەكی ساڵانە كە كاربەدەستانی باڵای حكومی و حیزبی بۆ گوتارخوێندنەوە دەچن، هیچی دیكەی بۆ نەكراوە لە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی شارەكە و هێشتا وێرانكارییەكەی سەردەمی كیمیابارانی پێوەدیارە.

هەڵەبجە لەلایەن بەغدا و هەرێمەوە بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق ناسێنراوە، بەڵام هیچ پێویستییەكی پارێزگای بۆ دابیننەكراوە، تەنها ناوێكە.

 

 

پشووی نەورۆز ڕاگەیاندرا
پێشت پشووی نەورۆز ڕاگەیاندرا
ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجە دەستیپێكرد
دواتر ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی كیمیابارانی هەڵەبجە دەستیپێكرد
ەیوەندیدار