زانیاری نوێ لەسەر ئەو هێلیكۆپتەرەی لە ئامێدی كەوتەخوارەوە



 

شەوی ڕابردوو هیلیكۆپتەرێك لە سنووری شارەدێی چەمانكێ لە سنووری شارۆچكەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆك لە دەڤەری بادینان كەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە 7 كەس گیانیان لەدەستدا.

تا ئێستا بە تەواوی نازانرێت ئەو هێلیكۆپتەرەی كەوتووەتە خوارەوە هی چ لایەنێكە و بە چی هۆكارێكیش كەوتووەتە خوارەوە.

سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە باڵی سەربازیی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند ئەو هێلیكۆپتەرەی كەوتووەتە خوارەوە سەر بە سووپای توركیا بووە و لە ناوچەكە لە چالاكیدا بووە.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد ئەو ناوچەی ئەو هێلیكۆپتەرەی لێ كەوتووەتە خوارەوە، ناوچەیەكە فڕۆكەی ئەمریكا و توركیا و عێراقیشی پێدا دەفڕن، هاوكات هێڵی فڕینی هێلیكۆپتەری توركیا بۆ بنكەی سەربازی بامەڕنێیە كە گەورەترین بنكەی سەربازی توركیایە لە هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، ئەو ناوچەیە زۆرترین شەڕ و پێكدادانی لەنێوان هێزەكانی ئێمە و سووپای توركیای تێدا ڕووداوە.

سەرچاوەكە، لەبارەی هۆكاری كەوتنەخوارەوەی هیلیكۆپتەرەكە زانیاری زۆرتری ئاشكرانەكرد.

لەیەكی دیكەوە دەزگای دژە تیرۆری كوردستان رایگەیاند، شەوی 15ی ئاداری 2023، كاتژمێر 20:40، هێلیكۆپتەرێك لە نزیك گوندی بێركیات لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دهۆك كەوتە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەكانی گیانیان لە دەست دا.

دژەتیرۆری كوردستان دەڵێت “لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندییان بە حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان و حكومەتی توركیاوە كردووە لەبارەی كەوتنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرەكەوە، بەڵام لە وەڵامدا رایانگەیاندووە كە هێلیكۆپتەرەكە هی ئەوان نییە.

راشیگەیاند “هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەدواداچوون لەو بارەوەیە كردووە و لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە هێلیكۆپتەرەكە لە جۆری Eurocopter AS350 بووە و چەند سەرنشینێك لەوانەی گیانیان لە دەست داوە گەریلای پەكەكە بوون، بەدواداچوونیش لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت تا زانیاریی تەواو لەسەر هێلیكۆپتەرەكە كۆ بكەنەوە كە سەر بە چ لایەنێك بووە”.

وەزارەتی بەرگری توركیاش لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد ئەو هێلیكۆپتەرەی كەوتووەتەخوارەوە لە دەڤەری بادینان هی توركیا نییە.

ڕاگیرانی دابەشكردنی مووچە ڕەتكرایەوە
پێشت ڕاگیرانی دابەشكردنی مووچە ڕەتكرایەوە
نرخی نەوت و گاز و غاز دابەزی
دواتر نرخی نەوت و گاز و غاز دابەزی
ەیوەندیدار