گەنجێك 400 كیلۆمەتر بۆ خوێندنی سورەتی فاتیحە بەپێ دەبڕێت



گەنجێك ٤٠٠ كیلۆمەتر بەپێ دەبڕێت بۆ ئەوەی سورەتی فاتیحە لەسەر مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بخوێنێت

ئارام كۆڤلی ٢٥ ساڵ دەڵێـت”من شەشی ئەم مانگە بەڕێكەوتم و لە پارێزگای دهۆكەوە دەستم پێ كرد، دەچمە پارێزگای هەڵەبجە، بڕیارە بەپێی پلانەكانی من ١٦ ی ئادار بگەمە ئەوێ، لەوێ سورەتی فاتیحە لەسەر گۆڕی شەهیدان دەخوێنم. چونكە ئەوە كارەساتی هەموو تاكێكی ئەم كۆمەڵگەیەیە، نەك تەنیا هەڵەبجەییەكان بەڵكوو هەموو جیهانی هەژاند و كارەساتی هەموو مرۆڤایەتییە لە دەقەیەكدا ٥ هەزار كەس بوونە قوربانی”.

ئەو گەنجە، دەشڵێت “بەیانیان سەعات شەش دەست دەكەم بە رۆیشتن و رۆژانە بەردەوام ٥٥-٧٠ هەزار هەنگاو دەنێم كە دەكاتە ٤٢-٥٠ كیلۆمەتر و ئەو مەودایە بە نزیكەی ١٢-١٥ سەعات دەبڕم و پاشان لە نزیكترین شوێندا دەمێنێتەوە، هەموو كەسێك بە ناسیاوی خۆم دەزانم و لە ماڵی برادەر و كەسوكاری خۆم دەمێنمەوە”.

گەنجێكی دهۆك ماوەی هەشت رۆژە بەپێ بەڕێكەوت تاوەكو لە ١٦ی ئادارداو لە رۆژی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بگاتە شارەكە و لەوێ سورەتی فاتیحە بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە دابدات.

ئارام كۆڤلی لەدایكبووی ١٩٩٨ە لە شاری دهۆك لە شەشی ئادارەوە بەپێ و تەنیا بە كۆڵەپشتێكەوە بەڕێكەوت بۆ هەڵەبجە و رۆژانە ٥٥ هەزار بۆ ٧٠ هەزار هەنگاو دەنێت بەپێ تاوەكو لە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا كە دەكاتە ١٦ی ئادار، بچێتە سەر مەزاری شەهیدانی كیمیابارانەكە و لەوێ لەگەڵ كەسوكاری قوربانییاندا پێكەوە سورەتی فاتیحە لەسەر مەزارییان دابدات.

ئارام كە ئاڵایەكی هەرێمی كوردستانی كردبوو بە پشتەكۆڵیەوە و بەدەم هەنگاونانەوە، ناوبەناو لەلایەن رێبوارەكانی سەرشەقامەوە وێنەی یادگاری دەگرت.

ئارام باسی لەوە كرد، ئەو بەمەبەستی گەیاندنی پاڵپشتی خەڵكی دهۆك بەپێ هەنگاوەكانی دەنێت بۆ شاری هەڵەبجە و بەپێی پلانەكانی بێت لەماوەی ١٠ رۆژدا دەگاتە شارەكە.

پارێزگای دهۆك كە بە دووری ٣٩٨ كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای پارێزگای هەڵەبجەوە، گەیشتن پێی بەپێ كارێكی قورسە و رۆژانە پێویستیت بە پیادەڕەوی ٥٠-٦٠ كیلۆمەتر هەیە تاوەكو لە ١٠ رۆژدا لە دهۆكەوە بگەیتە هەڵەبجە.

وەك ئارام باسی لێوە دەكات بەیانیان سەعات شەش دەست دەكات بە رۆیشتن و رۆژانە بەردەوام ٥٥-٧٠ هەزار هەنگاو دەنێت كە دەكاتە ٤٢-٥٠ كیلۆمەتر و ئەو مەودایە بە نزیكەی ١٢-١٥ سەعات دەبڕێت و پاشان لە نزیكترین شوێندا دەمێنێتەوە و زۆر جار لە ماڵی كەسوكار و هاوەڵانی دەمێنێتەوە و هەندێك جار كەسانی غەریبە لە ماڵی خۆیان دەیهێڵنەوە بە شەوان تاوەكو ئامادەبێت بۆ رۆژی داهاتوو و دەڵێت ”من شەقامە و شەقام هاتووم لە دهۆكەوە، رۆژانە سەعات شەش دەست دەكەم بە رۆیشتن و هەنگاو نان، شەوانیش لە دوای سەعات نۆوە دەچمە ماڵی برادەر، كەسوكار، یاخود كەسێكی غەریب كە خۆی خوڵقم دەكات، چونكە من هەموو خەڵكی هەرێم بە كەسوكاری خۆم دەزانم”.

ئارام كە لەنێو كۆڵەپشتەكەیدا چەندین خۆراكی سووكی وەك نەستەلە، خۆراكە وزەبەخشەكانی هەڵگرتووە تاوەكو كەمترین هەست بە ماندووبوون بكات و دەڵێت ”بەدرێژای ئەو رێگایە لە نزیك هاوینەهەواری سەڵاحەددین، دوكان، كۆیە و سلێمانی ماومەتەوە، جانتاكەم هەموو پێویستییەكی خۆراكی تیادایە، بۆ ئەوەی زۆر پێویستم بە لادان نەبێت بۆ خواردن، هیچ كێشەیەكی تەندروستیم بۆ دروست نەبووە، بەڵام هەموو بە قوربانی خوێنی شەهیدان بێت كە ئەوانیش بوونە قوربانی دەستی زوڵمی رژێمی بەعسی رووخاو”.

ئارام باس لەوە دەكات لە كاتی گەیشتنی بە هەر شار و شارۆچكەیەك لەلایەن لێپرسراوانی باڵای ئەو شارەوە پێشوازی لێدەكرێت و دەڵێت ”كە گەیشتمە سلێمانی، پارێزگار پێشوازی لێكردم لە كاتی بەڕێ كردنمدا، پارێزگاری دهۆك، عەلی تەتەر و هاوكات ناوبەناو پەیوەندیم پێوە دەكرێت و بڕیارە لە كاتی گەیشتنمدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەلایەن پارێزگار و قایمقامی ئەو شارەوە بەخێرهاتنم بكەن و لێرەوە سوپاسیان دەكەم”.

ئارام ئاماژە بەوە دەكات لە هەشتەم رۆژی گەشتەكەیدا هەتا دەمەو ئێوارە بەپێ دەڕوات و پاشان لە شوێنێك دەمێنێتەوە كە پێویست بكات و پاشان بۆ رۆژی داهاتوو بەردەوام دەبێت لە رۆیشتنی و دەڵێت ”من هەر لە سەرەتاوە ١٠ رۆژم دیاری كردبوو كە بەپێ لە دهۆكەوە بگەمە هەڵەبجە، رۆژانە هەندێك جار سەعات شەش بەڕێدەكەوم تاوەكو ١٢ی شەویش زۆر جار بەردەوام بووم”.

ئەو گەنجە ٢٥ ساڵە باس لەوە دەكات لە كاتی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا ئەو لەدایك نەبووە، بەڵام لە زاری باوك و دایكییەوە باسی ئەو كارەساتەیان بۆ دەكرێت، ئەو بە تیشێرتەكەی بەری كە وێنەی سیمبوڵی كارەساتی هەڵەبجەی لەسەر نەخشێنراوە و عومەری خاوەر و دوو منداڵەكەیەتی، ناوبەناو ئاماژە بەوە دەكات هەموو كەس ئەو سیمبولەی هەڵەبجە دەناسێت و كارەساتێكی جیهانییە نەك تەنیا تایبەت بێت بە هەڵەبجە.

سودانی گەیشتە هەولێر
پێشت سودانی گەیشتە هەولێر
جامی جیهانی هەرێمەكان لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت
دواتر جامی جیهانی هەرێمەكان لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت
ەیوەندیدار