ئۆکراینییەکان گورزی کوشندە لە گرووپی ڤاگنەر دەدەن


سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە ٤٢ شاری ڕووسیا ناوەندی دامەزراندنی سەربازی دەکاتەوە و نیگەرانی خۆشی لە نەبوونی پێداویستی لۆجستی و تەقەمەنی دەردەبڕێت.

 

لە کاتێکدا هێزەکانی رووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا زیانی زۆریان بەرکەوتووە و کیێڤ لە پێشڕەویدایە، یەڤگنی پریگۆزین، دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەری ڕووسی، کە گرووپێکی نیمچە سەربازی ڕووسیایە، کردنەوەی ٥٨ ناوەندی دامەزراندنی لە ٤٢ شاری ڕووسیا ڕاگەیاند.

 

گروپی ڤاگنەر لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو شەڕەدان کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی شاری باخموتی ئۆکراینایە، یەڤگینی پریگۆزین، بەرپرسی گروپەکە، دان بەوەدا دەنێت کە زۆرێک لە چەکدارەکانی لەوێ گیانیان لەدەستداوە.

 

پریگۆزین چەند جارێک ڕەخنەی ئەوەی ئاراستەی وەزیری بەرگریی ڕووسیا کردووە، کە وەک پێویست ناتوانێت کەڵک لە زیندانەکانی ڕووسیا وەربگرێت، بەو پێیەی ڤاگنەر ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییەکانی لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانیان وەک چەکدار لە گرووپەکەیدا تەیار کردووە.

 

یەڤگنی پریگۆزین لە ڕاگەیەندراوێکدا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی تایبەت بە گرووپەکەی بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە: “لە ٤٢ شاری ڕووسیا، ناوەندی دامەزراندن بۆ ڤاگنەر کراوەتەوە، چەکدارانی نوێ دێنە ئەوێ، تا لەگەڵمانبن بۆ بەرگریکردن لە وڵات و خێزانەکانیان”.

 

پریگۆزین ڕایگەیاندووە، نیگەرانە لە کەمیی دابینکردنی پێداویستی بۆ شەڕکەرەکانی و تەواوی سوپای ڕووسیا لەشەڕ دژی ئۆکراین.

 

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدایە کە گرووپی ڤاگنەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە لەو شەڕەدا کە چەند مانگێکە لە دەوروبەری باخموت لە ناوچەی دۆنباس بووەتە بەرەی شەڕێکی دژوار لەگەڵ هێزەکانی کیێڤ.

 

 

لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا ڕووسیا ٣٠٠ هەزار سەربازی یەدەگی بانگهێشتی نێو ریزەکانی سووپا کرد، بە ئامانجی بەر گرتن لە پاشەکشە بەردەوامەکانی لە بەرەی شەڕدا.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژی لەنێوان سەرۆکی ئەرکانی گشتی و سەرۆکی گرووپی  ڤاگنەر سەریهەڵداوە، لەکاتێکدا ڕووسیا لەکاتی هێرشەکانیدا لە دۆنباس پێشکەوتنێکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە.

 

لە چەندین بۆنەشدا یەڤگنی  پریگۆزین بە توندی ڕەخنەی لە سەرکردایەتی سەربازی ڕووسیا گرتووە و ئاماژەی بە بێتوانایی و خاوبوونەوە و بڕیارە خراپەکانی سەرۆکی ئەرکانی گشتی رووسیا لە ئۆکراینا کردووە.

 

پریگۆزین، دەسەڵاتداران بە دابین نەکردنی تەقەمەنی پێویست بۆ جەنگاوەرەکانی تۆمەتبار دەکات، هەروەها سێرگی شۆیگو وەزیری بەرگری و ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت گروپەکەی لەناوببەن.

 

كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەگەڵ لایەنەكان كۆتاییهات
پێشت كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لەگەڵ لایەنەكان كۆتاییهات
قوباد تاڵەبانی سبەی سیستەمی یەكپەنجەرە رادەگەیەنێت
دواتر قوباد تاڵەبانی سبەی سیستەمی یەكپەنجەرە رادەگەیەنێت
پەیوەندیدار