لە سلێمانی ٨ی ئادار پیرۆزکرا


ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە چەند چالاکییەکی جۆراوجۆر ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزکرا، ژنانیش دەڵێن، خەباتی ژنانی کورد بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” بەردەوامە.

یەکێتی ژنانی کوردستان لە تەلاری تەواری شاری سلێمانی بە چالاکی هونەری، میوزیک، پێشانگای فۆتۆگرافی یادی ڕۆژی جیهانی ژنان بە ناونیشانی “هێزی ژن لە یەکبووندایە” کردەوە.

لەلایەن ڕێکخراوی ڤیم فاوندەیشن، سیمینارێک لەبارەی یاساکانی تایبەت بە مافی ژنان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، کە پارێزەر شۆخان عەبدوڵا سیمینارەکەی پێشکەشکرد.

لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی پێشانگایەکی کاری دەستی ژنانی ماڵی داڵدەدراو و ماڵی کچانی نەوجەوانان نمایشکرا، هاوکات لە بینای کۆنی سەرای سلێمانی پێشانگایەکی دیکەی کاری دەستی ژنان کرایەوە.

بڵێسە جەبار، یەکێک لە ئەندامانی یەکێتی ژنان لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ژنان کورد پێشەنگی خەباتی ژنانن، ئێستاش بە دروشمی “ژن ژیان ئازادی” بەردەوامن، ئەم خەباتە بۆ یەکسانییە، بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، زۆرجار هەوڵدەدەرێت ئەم خەباتە بەلاڕێدا ببرێت و تۆمەتی بۆ هەڵببەسترێت، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی.

ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەی ئێستا نەوەیەکی بوێر هاتوونەتە مەیدان  بەڵام دۆخی ئێستای ژنان لە ئاستی پێویستدا نییە، دەبێت تێروانی کۆمەڵگا بۆ خەباتی ژن بگۆردرێت.

کنێر عەبدوڵا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، خەباتی ژن بەردەوامە تا ئەو کاتەی ئامانجەکان دێنە دی، ژنیش وەک مرۆڤ سەیربکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە کۆمەڵگای کوردی پێویستی بە هۆشیاری و ڕۆشنبیری و سیستمی دیموکراسی هەیە.

مەسرور بارزانی: پێگەی ژنان بەهێز دەكەین
پێشت مەسرور بارزانی: پێگەی ژنان بەهێز دەكەین
ڕۆژ، ڕۆژی ژنانە
دواتر ڕۆژ، ڕۆژی ژنانە
پەیوەندیدار