زلهێزەکان کەشوهەوا پشتگوێ دەخەن و خەرجی سەربازییان زیاد دەکەن



هەریەکە لە بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا، زۆرترین خەرجییان بۆ بواری سەربازییە و بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای نێودەوڵەتی TNI کە بنکەکەی لە ئەمستردامە، ٣٠ هێندەی ئەو بڕەی بۆ پاراستنی ژینگە تەرخانی دەکەن، لە بواری سەربازی و بەهێزکردنی سوپاکانیاندا خەرجی دەکەن، هەر ئەم سێ وڵاتە بەشدارن لە دەردانی زۆرترین دوانۆکسیدی کاربۆن و گەرمبوونی پلەی گەرمی گۆی زەوی.

 

ڕاپۆرتێکی پەیمانگای نێودەوڵەتی TNI باس لەوە دەکات کە وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان زیاتر لە ٣٠ هێندەی بودجەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا پارەکانیان بۆ هێزی سەربازی خەرج دەکەن.

 

ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، زۆرترین وڵاتی پیسکەر لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠٢١، ٩.٤٥ ترلیۆن دۆلاریان بۆ هێزە چەکدارەکانیان خەرج کردووە، لە کاتێکدا بە ٢٤٣.٩ ملیار دۆلار دابینی دارایی ئەو وڵاتانە بووە بۆ بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی کەشوهەوا.

 

پەیمانگای نێودەوڵەتی TNI کە بنکەکەی لە ئەمستردامە، لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی: “خەرجییە سەربازییەکان و فرۆشتنی چەک کاریگەرییەکی قووڵ و بەردەوامی لەسەر توانای چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا هەیە”، ئاماژەی بە زیادبوونی خەرجییە سەربازییەکان کردووە بە ڕێژەی لەسەدا ٢١.٣ لە ساڵی ٢٠١٣ەوە.

 

ئامادەکارانی ڕاپۆرتەکە ڕاپۆرتەکە پێیانوایە، پارەدارکردنی هێزە چەکدارەکان زیان بە ژینگە دەگەیەنێت و سەرچاوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا لە پەلوپۆ دەخات.

 

تیمی توێژینەوەکە دەڵێن: “هەر دۆلارێک کە بۆ بواری سەربازی خەرج دەکرێت نەک تەنها دەردانی گاز زیاد دەکات بەڵکو سەرچاوە داراییەکان و لێهاتوویی و سەرنجەکان دوور دەخاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی بووەتەوە”.

 

بۆ کەمکردنەوەی گەرمبوونی گۆی زەوی، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای “گۆڕانکاری تەواو” لە سیستمی وزەی جیهان دەکات.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، وڵاتانی گەورەترین خەرجیی سەربازیی، لەوانە بەریتانیا، ئەمریکا و فەرەنسا، بەشدارییەکی بەرچاویان لە زۆری دەردانی گاز و گەرمبوونی گۆی زەویدا هەیە.

 

شەڕی ئۆکرانیا چۆن کاریگەری لەسەر قەیرانی کەشوهەوا هەیە؟

پەیمانگاکە بۆی دەرکەوتووە، لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین، خەرجییە سەربازییەکان زۆر زیادیانکردووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکەی پەیمانگای نێودەوڵەتی TNI، ئەڵمانیا بڕی ١٠٤ ملیار دۆلاری دیکەی بۆ خەرجی سەربازی ڕاگەیاندووە، لەکاتێکدا حکومەتی نەرویج لە مانگی حوزەیراندا بودجەی دیاریکراوی بۆ کەشوهەوای ڕاگرت.

 

پەیمانگاکە توێژینەوەکانی لەگەڵ دەستپێکردنی کۆڕبەندی COP27 لە هاوینەهەواری شەرم ئەلشێخ لە میسر بڵاوکردووەتەوە، کە وڵاتێکە “بە خودی وڵاتی ڕێکخەری کۆڕبەندەکە، بە خەرجی سەربازی زیاتر لە چالاکییەکانی کەشوهەوا بەناوبانگە”.

 

پەیمانگای نێودەوڵەتی TNI کە بنکەکەی لە ئەمستردامی هۆڵندایە، ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢١ میسر یەکێک بووە لە پێنج وڵاتی سەرەکی هاوردەکردنی چەک و بە پلەی یەکەم سەرچاوەی چەکەکانی لە ڕووسیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا بووە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەی تێداخراوەتەروو”لە بەرامبەر قەیرانی کەشوهەوا و نیشانەکانی گەیشتن بە خاڵە مەترسیدارەکان لەسەر هەسارەکەمان، پێویستییەکی بەپەلە هەیە کە ئەولەویەت بدرێت بە چارەسەری گرفتەکانی کەشوهەوا و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەر دەبێت”.

پەروەردەی سۆران لە بارەی دەوامی سبەینێ بڕیاریدا
پێشت پەروەردەی سۆران لە بارەی دەوامی سبەینێ بڕیاریدا
کەشناسی: بارانی بەلێزمە بەردەوام دەبێت
دواتر کەشناسی: بارانی بەلێزمە بەردەوام دەبێت