ژنە كوردێكی بەندكراو لە زیندان گیانی لەدەستدا



ژنە كوردێكی بەندكراوی ناوەندی چاكسازی و بارهێنان لە شاری سنە، دوای تێكچوونی دۆخی تەندروستی بەهۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

بەپێی راپۆرتی رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ، رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 2ی ئاداری 2023، سەیدە ئامینە ئەحمەدی، بەندكراوی تەمەن 47 ساڵی ڕاگیراو لە ناوەندی چاكسازی و بارهێنانی ئێران لە شاری سنە، پاش ئەوەی كە دۆخی تەندروستیی ناوبراو ناجێگیر بووە، بەهۆی درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە پزیشكییەكان گیانی لە دەستدا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، ئەو ژنە بەندكراوە لەم دوایییانەدا ئازاری ژانەسەری هەبووە و بەهۆی ڕازی نەبوونی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر سەردانی ناوبراو بۆ ناوەندە پزیشكییەكانی دەرەوەی بەندیخانە بەمەبەستی چارەسەری، ناوەندی چاكسازی و بارهێنان لە سنە نەیانهێشتووە ئەو بەندكراوە لە كاتی پێویستدا سەردانی ناوەندە پزیشكییەكان بكات و بەهۆی ئازاری زۆرەوە جەڵتەی مێشك لێی داوە و پاشان گیانی لەدەست داوە.

باس لە ئەوەشكراوە، ئەو ژنە كوردە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كرابوو، دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای حەوت ساڵ بەندكردنی بەسەردا سەپا و لەو بەندیخانەیە سێهەمین ساڵی ماوەی بەندكرانەكەی تێپەڕ دەكرد.

 

ركابەرە بەهێزەكەی ئەردۆغان دیاریكرا
پێشت ركابەرە بەهێزەكەی ئەردۆغان دیاریكرا
چوار خوێندکار ٢٠ مسقاڵ ئاڵتونیان گەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی
دواتر چوار خوێندکار ٢٠ مسقاڵ ئاڵتونیان گەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی
ەیوەندیدار