مەسرور بارزانی داوا لە تیمی یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران


سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران داوامان لە لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەكێتیی كرد كە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵك و پەرلەمان بن.

مەسرور بارزانی ، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كرد و لە كۆبونەوەكەدا داوایان لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد كە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.

ڕاشیگەیاندووە، كە بە نووسراوی فەرمیش، داوایان لێكراوە كە بگەڕێنەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بكەن، ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتكردنی خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكانە و بەشداری نەكردن لە كۆبوونەوەكان و ڕاكردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ كێشەیەك ناكات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵكی كوردستان دەكەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەكی گەورە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە :

ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزباییمان لە خەڵکی کوردستان کرد بە بۆنەی ساڵیادی ڕاپەرینی جەماوەری ساڵی 1991 کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە پێناو ئازادیدا. جەختمان لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان .
هەروەها داوامان لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران. ئەوە چەندین جارە داوایان لێ دەکرێ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن. بە نووسراوی فەرمیش، داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن. ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە.
پاشان لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕوو، کە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان ، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەکان، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان.
دەستخۆشیمان لە وەزیر و کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە کرد بۆ کارکردنی بەردەوامیان لە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازی کابینەی نۆیەم لە بواری پەروەردە و ئەنجامدانی ژمارەیەک لە پلانە ستراتیژییەکان .
بڕگەی دووەم، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن بەڕێز ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەکانی سپیکردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگری کرتنە لە مایەدارکردنی تیرۆر و لێکەوتە زیانبەخشەکانی لە سەر ئابووری و کۆمەڵگە. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد.
لە بڕگەی کۆتاییدا، بەڕێز سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ، پێشنیاری دووبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان پێشکەش کرد، کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەستاوە .
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، کە بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بکرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراک، کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت.
وەزارەتی دارایی بۆ خشتەی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات
پێشت وەزارەتی دارایی بۆ خشتەی مووچە ڕوونكردنەوە دەدات
ئەمریكا: ڕووسیا ناشكێت
دواتر ئەمریكا: ڕووسیا ناشكێت
پەیوەندیدار