“قەوارەی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە بەرهەمەكانی ڕاپەڕین”



مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت؛ قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت بپارێزرێت و بەهێز بكرێت، راپەڕینیش ئەو راستییەی بۆ دۆست و دووژمن سەلماند، ستەمكاری و تۆقاندن ناتوانێت ئیرادەی ئازادیخوازیی لە ناخی گەلی كوردستان خامۆش بكات”.

لە پەیامەکێدا، بە بۆنەی یادی 32 ساڵەی راپەڕین، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە ، “راپەڕین لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و پلان و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان هاتە دی و سەركەوتنی بەدەستهێنا.”

بارزانی دەشڵێت؛ “قەوارەی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی راپەڕین، دەستكەوتێكی مێژوویی و گرانبەهای گەلی كوردستانە.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو خەباتگێڕ و ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەران و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین لە سایەی ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان و، قارەمانێتی پێشمەرگە و پلان و یەكڕیزیی لایەنەكانی ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هاتە دی و سەركەوتنی بەدەست هێنا.

ڕاپەڕین ئەو ڕاستییەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند كە ستەمكاری و تۆقاندن هەرگیز ناتوانێ ئیرادەی ئازادیخوازی لە ناخی گەلی كوردستان خامۆش بكات، ڕاپەڕین هەڵگری بەها و ئامانجی بەرز بوو، بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان ئازاد بێ و ژیانێكی سەربەرزانەی لە وڵاتی خۆیدا هەبێت.

لە یادی ڕاپەڕیندا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان دەنێرین و جەختیش لەوە دەكەینەوە، قەوارەی هەرێمی كوردستان كە یەكێكە لە بەرهەمەكانی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان، دەستكەوتێكی مێژوویی و گرانبەهای گەلی كوردستانە،ئەو دەستكەوتە دەبێ بپارێزرێ و بەهێز بكرێت و نابێ بە هیچ شێوەیەك كار بۆ لاوازكردن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەها و ئامانجانە بكرێ كە گەلی كوردستان لەپێناویدا ڕاپەڕینی کرد.

مەسعود بارزانی
5ی ئاداری 2023

مێزی شەش قۆڵی درزی تێكەوت
پێشت مێزی شەش قۆڵی درزی تێكەوت
ئاژانسی وزە و ئێران ڕێككەوتن
دواتر ئاژانسی وزە و ئێران ڕێككەوتن
ەیوەندیدار