بافڵ تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی هەموو كوردستانە



 

سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕایگەیاند، واز لە زۆنی سەوز و زەرد بێنن، دەبێت كار بۆ هەموو كوردستان بكەین و یەكێتی خاوەنی هەموو كوردستانە.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی ڕاپەڕین لەشاری ڕانیە ڕایگەیاند، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم ڕەوشەی ئێستا ڕازی نییە، ئێوەش ڕازی نین، لە ڕەوشی هەر چوار پارچەی كوردستان ڕازی نین، من هاتووم داوای لێبوردنتان لێ بكەم لەو ڕۆژەوەی مام جەلال و جەبار فەرمان و هێرۆ خان و كاك كۆسرەت نەخۆش بوون وەك پێویست كارمان بۆ ئێوە نەكردووە، بەڵام ئەو قۆناغەمان تێپەڕاند، ئێستا یەكێتی زۆر بەهێزە.

ڕاشیگەیاند “ئەو خزمەتەی ئێوە كردووتانە وەك پێویست ڕێزی لێ نەگیراوە، دوو ساڵە یەكێتی هەوڵی داوە ئەو بۆشاییە پڕبكاتەوە كە حكومەت دروستیكردووە، باسی زۆنی سەوز و زەردیش ناكەم، یەكێتی خاوەنی هەموو كوردستانە، نوێنەری هەموو چوار پارچەی كوردستانە”.

دەشڵێت “غەدرتان لێكراوە، بێ هیوا مەبن، یەكێتی ئێستا زۆر بەهێزە، هیچ كاتێك هێندەی ئێستا بەهێز نەبووە و ئێستاش بەڵێنتان پێدەدەم، یەكڕیزی بپارێزین تا چوار پارچەی كوردستان مافی خۆیان وەربگرن و ڕێز لە ئێوە و خوێنی شەهیدان بگرین، بۆیە لەگەڵمان بن دەتوانین زۆر شت بكەین، میللەتەكەمان ئاشت دەكەینەوە، نەیارەكانمان پان بكەینەوە، دەڕۆین بۆ سەركەوتن بۆ كوردستان”.

سەرۆكی یەكێتی پەیامێكیشی بۆ هەموو حیزبەكانی كوردستان نارد “چۆن لێرە ئاگری ڕاپەڕین عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی، لێرەوە دەستی ئاشتی درێژ دەكەین نامانەوێت هەرێمی كوردستان دابەشبكەین، دادپەروەریمان دەوێت، دەست بۆ هەموو حیزب و لایەنێك درێژدەكەین كە بتوانێت میللەت ئاشتبكاتەوە و خزمەتی میللەت بكات و ئیش بۆ چوارپارچەی كوردستان بكات، حیزبەكان لەناویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەگەر ئەوەتان دەوێت دەستمان درێژ دەكەین بۆ هاوكاریتان ئێمە ئەوەمان دەوێت خزمەتی میللەت بكەین، ئەگەر ناشتانەوێت خۆتان زیاندەكەن”.

 

ڕۆڵی ئابووری خێزان لە خۆشگوزەرانی ئابووری ووڵاتدا 
پێشت ڕۆڵی ئابووری خێزان لە خۆشگوزەرانی ئابووری ووڵاتدا 
ئەمڕۆ 32هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ە
دواتر ئەمڕۆ 32هەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی ئاداری 1991ە
ەیوەندیدار