مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە



مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، یەكێـتیی بەشانازییەكی زۆرەوە 32ساڵە خاوەندارێتی رێبەرایەتی كردنی راپەڕین و پارێزگاری كردن لە پەیام و ئامانجە پیرۆزەكانی دەكات.

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بۆنەی یادی 32 ساڵەی راپەڕینەوە لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، ساڵ لەدوای ساڵ نەوەیەكی تازە دێنە كۆڕی ژیانی سیاسی و گشتییەوە و روانینی نوێیان بۆ كوردستان و بۆ ڕاستكردنەوەی ئەزموونی حوكمڕانی وڵاتەكەمان هەیە و هەقیشیانە بە نەفەسی ڕەخنەگرانە و بە پەرۆشی پەیامی جارانی راپەڕینەوە ویست و ئیرادەی تازە لە خۆیان نیشان بدەن.

ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی
بە بۆنەی یادی 32 ساڵەی راپەڕینەوە
ئەمرۆ (5/3/2023) سی ودوو ساڵ بەسەر راپەڕینی گەلەكەمان دژی زوڵم و ستەمی دیكتاتۆری ڕژێمی بەعس تێپەڕ دەبێت.
لە دەروازەی راپەڕینەوە بۆ وێستگەكانی زەماوەندی سلێمانی و روخانی قەڵای ستەم لە هەولێری دێرین و ڕاماڵینی سوپای بەعس لە دهۆكی دەلال تا تاجی راپەڕینەكان لە نەورۆزی ڕزگاری كەركوكدا، دەیان شار و شارۆچكەی كوردستان بە خوێنی دەیان شەهید و ڕەنجی دەیان هەزار راپەڕیوی میللەتەكەمان ئازادكران.
یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان بەشانازییەكی زۆرەوە 32ساڵە خاوەندارێتی رێبەرایەتی كردنی راپەڕین و پارێزگاری كردن لە پەیام و ئامانجە پیرۆزەكانی دەكات. بەهاوكاری هێز و لایەنە نیشتمانپەروەرەكان لە هەموو كایەكاندا خەباتی بێوچان دەكات بۆ گەشەپێدانی دەستكەوتەكانی ئازادی و دیموكراسی و حوكمڕانییەكی ڕاست و دروست، بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزەش قوربانی داوە و ئامادەی قوربانی زیاتریشە.
ئەمرۆ (32) ساڵە نەوەكانی راپەڕین لە سایەی كوردستانی ئازاددا پێدەگەن و بەگیانی پەیامی راپەڕین دژی ستەم و دیكتاتۆری چاویان لە ئایندەی گەش و ئاسۆیەكی شایانتری ژیان و گوزەرانە. ساڵ لەدوای ساڵ نەوەیەكی تازە دێنە كۆڕی ژیانی سیاسیی و گشتییەوە و روانینی نوێیان بۆ كوردستان و بۆ ڕاستكردنەوەی ئەزموونی حوكمڕانی وڵاتەكەمان هەیە و هەقیشیانە بە نەفەسی ڕەخنەگرانە و بە پەرۆشی پەیامی جارانی راپەڕینەوە ویست و ئیرادەی تازە لە خۆیان نیشان بدەن. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گیانی هەمیشە زیندووی راپەڕین و بۆ پارێزگاری لە دەستكەوتەكانی 32 ساڵەی ئازادی و دیموكراسیی رووی لە هەموو هێزە سیاسییەكانی وڵاتە بۆ ئاشتییەكی سەربەرزانە و دادپەروەرانە، رووی لە كچان و كوڕانی كوردەوارییە تا پێكەوە خاوەندارێتی لە پەیامی هەمیشە نوێبونەوەی راپەڕین بكەن و پێكەوە بەخەباتی دیموكراتی و مەدەنی و هەڵبژاردن ویستی جیاكاری و مەیلی پاشەكشێ لە ئازادی و دیموكراسیی بەرپەرچبدەینەوە.
كە ئەمە داخوازی رەوای كوردەواری سەدەی بیست و یەكە و پابەند بوون و رێزگرتنیشە لە خەباتی دەیان ساڵەی گەلەكەمان و شەهیدە سەربەرزەكانی كاروانی دوورودرێژی شۆرش و راپەڕینەكانی.
پیرۆز بێت یادی راپەڕین و نەمری بۆ شەهیدەسەر بەرزەكانی
پیرۆز بێت لە كچان و كوڕانی كوردستانی ئەمرۆ كە خەباتی دیموكراسی و مەدەنییان بۆ ژیانێكی شایستە و هیوا بەخش جوانترین دیاری بەهارییە.
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
5/3/2023

عەلی باپیر؛ كەس بەو ئاواتە نەگەیشت كە ڕاپەڕینی بۆ كرا
پێشت عەلی باپیر؛ كەس بەو ئاواتە نەگەیشت كە ڕاپەڕینی بۆ كرا
لەسنوری ناحیەی بنگرد ژمارەیەك ڕاوچی دەستگیركران
دواتر لەسنوری ناحیەی بنگرد ژمارەیەك ڕاوچی دەستگیركران
پەیوەندیدار