ئێران لە چەكی ئەتۆم نزیكبووەتەوە


 

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دەڵێت دەشێت ئێران لە ماوەی “نزیكەی 12 ڕۆژدا” كەرەستەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێكی ئەتۆمی دروست بكات. ئەم ماوەیەی كە بەرپرسەكە ئاماژەی پێكردووە زۆر كەمترە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2015 كاتێك ڕێككەوتنە ناوكییەكە كرا. ئەو كاتە مەزەندە دەكرا ئێران پێویستی بە یەك ساڵ بێت بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێكی ئەتۆمی.

كۆڵن كاهل یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ سیاسەتی ئەمەریكا ئەم لێدوانەی لە دانیشتنێكی ئەنجومەنی نوێنەراندا خستەڕوو كاتێك ئەندامێكی كۆماری كۆنگرێس فشاری خستە سەر لەسەر ئەوەی بۆچی بەڕێوەبەرایەتی بایدن هەوڵی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ی داوە.

كۆڵن كاهڵ بە یاسادانەرانی ڕاگەیند “لەبەرئەوەی پێشكەوتنی ئەتۆمی ئێران لەو كاتەوەی ئێمە لە ڕێككەوتنەكە (بەرجام) كشاوینەتەوە زۆر بەرچاوە. لە ساڵی 2018دا كاتێك بەڕێوەبەرایەتی پێشوو بڕیاری دەرچوونی لە ڕێككەوتنەكە دا ئەو كات ئێران نزیكەی 12 مانگی دەویست بۆ بەرهەمهێنانی كەرەستەی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبێك. ئێستا نزیكەی 12 ڕۆژی دەوێت.”

كاهل دەشڵێت “بۆیە پێموایە هێشتا ئەو بۆچوونە هەیە كە ئەگەر ئەم پرسە بە شێوەیەكی دیپلۆماسی چارەسەر بكرێت و سنووربەندییەكان بخرێنەوە سەر بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران، باشترە لە بژاردەكانی دیكە، بەڵام لە ئێستادا ڕێككەوتنە ناوەكییەكە لە دۆخێكی چەقبەستوودایە.”

بەرپرسانی ئەمەریكا چەندین جار ئەم ماوەی دابڕانەی ئێرانیان خەملاندووە بۆ ئەوەی بزانن كە چەند كات دەخایەنێت تا ئێران بتوانێت كەرەستەی پێویست بۆ دروستكردنی بۆمبێكی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

لە كاتێكدا بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن ئێران لە بەرهەمهێنانی مادەی پیتێندراودا نزیكتر بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕیان بەوە نییە كە شارەزایی تەواوی هەبێت لەو تەكنەلۆژیایەی كە بۆمبەكە دروست دەكات.

بە پێی ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015 ی زلهێزانی جیهان لەگەڵ ئێراندا ئێران بەرنامە ناوەكییەكەی سنووردار دەكرد لە پێناو سوككردنی سزا ئابوورییەكان. سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دانۆڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لەو ڕێككەوتنە كشایەوە.

گۆتێرێس سەردانی هەولێر دەكات
پێشت گۆتێرێس سەردانی هەولێر دەكات
ئایا لێنانی برنج بە پڵاو دەبێتە هۆی نەمانی نیشاستەكەی ؟
دواتر ئایا لێنانی برنج بە پڵاو دەبێتە هۆی نەمانی نیشاستەكەی ؟
پەیوەندیدار