ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا

توربۆ چارچ و سوپەر چارج کامیان باشترن؟

خەڵک-

لە ئێستادا زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل، بۆ بەهێزكردن و تاوپێدانی بزوێنەرەكانیان، پشت بە سیستمی پاڵپشت دەبەستن، كە هێز و تاودانی بزوێنەرەكان لە هەندێك كاتدا، بۆ چوار هێندە بەرز دەكاتەوە، لەو لە بەناوبانگترین و كاراتریت ئەو سیستمانەش كە بۆ زیادكردنی هێز و تاودان لەسەر بزوێنەرەكان دەبەسترێت، دوو سیستمی (توربۆ چارج) و (سوپەرچارج)ـن، لێرەدا هەندێك لە جیاوازیی و لێكچوونەكانیان دەخەینە روو.

لێكچوون:
– هەردوو سیستمەكە پشت بە بنەمایەكی سەرەكی بۆ زیادكردنی هێز دەبەستن، ئەویش ئەوەیە، بە شێوەی پەستاندن چەندجار زیاتر لە هەواكێشی ئاسایی، هەوا دەكەنە نێو بزوێنەری ئۆتۆمبێلكە، بەوەش كرداری سووتان باشتر دەبێت و هێز و تاودانی بزوێنەرەكەش چەندبار دەبێتەوە.

– هەر یەك لەو دوو سیستمە لە چەند بەشێك پێك دێن، لەوانە ژووی هەوا و كۆمپرێسەری هەوا و رێرەوی دەركردنی هەوای پەستێنراو بۆ ناو مەكینە.

– بۆ هۆی ئەوەی لە هەردوو سیستمەكە، كرداری سووتان لە ناو بزوێنەر زیاتر و خێراتر دەبێت، ئەوا بزوێنەریش گەرم دەبێت و پێویستی بە سیستمێكی زیادەی ساردكردنەوە دەبێت، یان دەبێت پێكهاتەكانی بزویچنەرەكە بگۆڕدرێن بۆ پێكهاتەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلە وەرزشییەكان.

جیاوازی:
– سیستمی توربۆ لەسەر ئەگزۆز دەبەسترێت، تۆربینی توربۆكە سوود لە هەوای ئەگزۆزەكە وەردەگرێت (كە خۆی لە بنچینەدا وزەیەكی بە فیڕۆدراوە)، لە كاتی زیادبوونی هەوای ئەگزۆز لەو پلەیەی كە لەسەر (RpM)ـی مەكینەكە دانراوە، كۆمپرێسەری توربۆكە دەكەوێتە كار و هەوای پەستێنراو دەكاتە ناو مەكینەوە.

– بەڵام تۆرباینی سوپەر چارجەر، بەهۆی قایشێك یان زنجیرێك لەسەر كرانك شەفت (Crankshaft) دەبەسترێت، لەگەڵ هەڵبوونی بزوێنەر كرانك شەفت دەست دەكات بە خولانەوە و كۆمپرێسەری هەوا دەخاتە كار و ئەویش هەوای پەستێنراو دكاتە نێو بزوێنەرەكەوە.

– هێزی توربۆ كەمێك كاتی پێدەچێت تا سوودی لێدەبینرێت، چونكە پێویستی بە هەوای ئەگزۆزە ئەویش پێویستی بەوەیە هێزی بزوێنەرەكە بگاتە ئاستێكی دیاری كراو، كە بە پێی قەبارە و هێزی بزوێنەر دەگۆڕێت، بۆ نمونە: خولانەوەی كرانك شەفتی بزوێنەرەكە بگات بە (3000)، كە لێرە پێی دەڵێن پەستانی مەكینە، ئەوكات توربۆكە دەكەوێتە كار، یان هەر پلەیەكی تر كە دیاری كرابێت.

– بەڵام سوپەر چارج بەهۆی ئەوەی لەسەر كرانك شەفت بەستراوە، راستەوخۆ سوودی لێدەبینرێت، بەڵام بۆ بزوێنەرە بچوكەكان گونجاو نییە و هێز و سووتەمەنی زیاتری دەوێت.

– پاش وەستان، نابێت ئەو ئۆتۆمبێلانەی توربۆیان لەسەرە راستەخۆ بكوژێنرێنەوە، بەڵكو دەبێت لانی كەم (5) خولەك دوای وەستان، ئینجا بزوێنەرەكانیان بكوژێنرێتەوە، بەڵام سوپەر چارج ئەوەی پێویست نییە. لە ئێستاشدا هەندێك كۆمپانیا سیستمێكیان بۆ توربۆكان داناوە، پاش ئەوەی كە شۆفێر ئۆتۆمبێل دەكوژێنێتەوە و سویچ دەردەكات، بزوێنەرەكە تا توربۆكە سارد نەكاتەوە، ناكوژێتەوە.

كامیان باشترە؟
– هەریەك لەو دووانە، باشی و خراپی خۆیان هەیە، توربۆ قەبارەی بچوكە بەڵام ئاڵۆزە، سوپەر چارج قەبارەی گەورە و بە كێش قورسە، بەڵام سیستمێكی سادەترە.

– تەمەنی بزوێنەری توربۆ زیاترە لە تەمەنی بزوێنەری سوپەر چارج.

– توربۆ سوتەمەنی كەمتر خەرج دەكات، بەڵام سوپەرچارج تاودانی زیاتر دەدات بە ئۆتۆمبێلەكە، بۆ ئەوەش پێویستی بە سوتەمەنی زیاترە.

– كۆنترۆڵی كاری توربۆ باشتر وەك لە سوپەر چارج، چونكە سوپەر چارج پێویستی بەوەیە بزوێنەر بگەیەنرێتە هێڵی سور (Red Line)، تا ئەویش بگات بە هێزی تەواوی خۆی (MAX boost)، ئەگەر لە خەتی سوریش تێپەرێنێت، ئەوا هەوای گەرم دەردەكات و سوتەمەنی زیاد دەستوێنێت، بەڵام هێزی كەم دەكات، بە هاوسەنگ هێشتنەوەشی پێویستی بە ئەزموونی شۆفێر هەیە.

– كەواتە، بە شێوەیەكی گشتی، لای زۆربەی كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل، سیستمی توربۆ گونجاوترە، بۆ ئۆتۆمبێلی بچوكیش باشترە، بەڵام سوپەر چارج بۆ ئۆتۆمبێلی وەرزشی و پێشبڕكێ باشترە لە توربۆ.

ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا

تا ئەم خاڵانە لەبەرچاو نەگریت ئۆتۆمبێلێکی بەکارھێنراو مەکڕە

خەڵک-

بازاڕی كرێن و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل یەكێكە لەو بازاڕانەی كە زۆرترین كاری ساختە و فێڵكردنی تیا ئەنجام دەدرێت، پێش كڕینی هەر ئۆتۆمبێلێكی بەكارهێنراویش، كڕیار دەبێت هەزار و یەك حسابی خۆی بكات، تا نەكەوێتە داوی ساختە كارانەوە، ئەمەش چەند خاڵێكە بۆ ناسینەوەی كاری ساختەكردن لە ئۆتۆمبێل و پێوەرەكانی ئۆتۆمبێلدا.

ئەگەر ویستت ئۆتۆمبێلێكی بەكارهێنراو بكڕیت، دەبێت وردەكار بیت، چونكە زۆرجار فرۆشیار یاری بە پێوەری رۆشتنی كیلۆمەتری ئۆتۆمبێلەكە دەكات و لە كاتێكدا زۆر بەكارهاتووە، بە نرخی ئۆتۆمبێلێكی كەم بەكارهاتوو، دەیفرۆشێت، لەوەدا پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانە بكەیت:

1- بە شێوەیەكی ناوەندی، ئۆتۆمبێل ساڵانە (20) هەزار كیلۆمەتر دەبڕێت، ئەگەر ویستت ئۆتۆمبێلێك بكڕیت و تەمەنی (5) ساڵ بێت، پێوەری كیلۆمەترەكەی لە خوار (90) هەزار كیلۆمەترەوە بوو، ئەوە بكە بە خاڵێك بەدوادا چوون و پرسیاری بۆ بكە، چونكە بە شێوەی ئاسایی ئۆتۆمبێل لەسەرووی (100) هەزار كیلۆمەترەوە، دەست دەكات بە كەمبوونەوەی چوستی و خەرجی تێدەكەوێت، هەرچەند ئەوەش پەیوەستە بە جۆری ئۆتۆمبێلەكە و چۆنێتی بەكارهێنانی، كە ئەوەش بە ئاسانی هەستی پێدەكرێت، ئایا ئەو ئۆتۆمبێلە ماندوو كرابێت یان نا.

2- یەكەمین شت كە پێویستە لەسەری بوەستین، خاوەندارێتی و بەڵگەنامەكانی  ئۆتۆمبێلەكەیە، وەك ژمارە و ساڵنامە و هەر بەڵگەیەكی دیكە، هەروەها بەراوردكردنی ئەو ژمارانەی لەسەر ساڵنامەكەن لەگەڵ ژمارەی سەر ئۆتۆمبێلەكە، وەك ژمارەی شاسی و بزوێنەر، لەگەڵ مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكە، ئەمە جگە لەوەی دەبێت ئاگاداری ئەوە بین كە ئەو ئۆتۆمبێلە كێشەی تایبەتی نییە، وەك ماوەی قیست یان قەرز لەسەری و مانی خاوەنەكەی لە ژیاندا.

3- پشكنینی تەواوی بۆدی ئۆتۆمبێلەكە، تا بڕی بۆیاغ كردنەوە یان گۆڕینی پارچەكانی بزانین، هەروەها دەبێت ورد بین لەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە یان نا، جۆری رووداوەكە چی بووە، چونكە هەر گۆڕینێك لە پارچەكانی ئۆتۆمبێلەكە نرخەكەی دادەبەزێنێت و لە بەهای كرداریی و نرخی ئۆتۆمبێلەكە كەم دەكاتەوە، بۆ زانینی شوێنی لێدراوی یان بوونی هەویركاری لە ژێر بۆیاغەكەوە، دەتوانین سوود لە موگناتیسێكی بچوك وەربگرین.

4- بە وردی تەماشای پایدەرەكان بكە، چونكە پایدەرەكانی ئۆتۆمبێل بە چینێكی لاستیكی داپۆشراون، بە تایبەت پایدەری ئیستۆپ كرد، زۆر بەكارهێنانیش دەبێتە هۆی سوان و رۆشتنی چینە لاستیكەكە، ئەوەش دەكرێت بكرێت بە نیشانە بۆ زانینی چەندێتی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلەكە.

5- بزوێنەرەكەی بخەرە كار و گوێ‌ بۆ هەر دەنگێكی نائاسایی بگرە، تەماشای ئەگزۆزەكەی بكە بزانە دوكەڵی سپی یان شین دەرناكات، سەر قەباغی رۆنەكە كە هەمیشە لە سەرەوەی بزوێنەرەكاندایە، بكەرەوە و بزانە رۆنی بزوێنەرەكە هەڵم دەكات، یان بڕەكەی چەندە، زیادبوونی هەڵمی رۆنەكەش، نیشانەی خەلەلە لە بزوێنەرەكەدا.

6- ئەگەر ئۆتۆمبێلەكە تەبریدی تێدابوو، پیچویستە لە جێدا تاقی بكرێتەوە و لە چوستی و كاركردنی دڵنیا ببینەوە.

7- پشكنینی تایەكان، بە شێوەی ئاسایی نابێت قوڵی گرنجی تایەكان لە (5) ملم واتە نیو سانتیمەتر كەمتر بێت، بە تایبەتی لە وەرزی زستاندا، هەر خراپییەكەیش لە تایەكاندا نرخی ئۆتۆمبێلەكە كەم دەكاتەوە.

8- دوای ئەو هەنگاوانە، پێویستە كەسی كڕیار یان كەسێكی شارەزا ئۆتۆمبێلەكە بۆ ماوەیەك لێ بخوڕێت، باشترە ئەگەر لەسەر جادەیەكی چەورێژ یان قیر نەكراو بێت، تا بزانرێت وەك ئەوەی پێی دەوترێت پێش و پاشی ئۆتۆمبێلەكە هیچ دەنگێك یان تەپە و تەقەیەك ناكات، یان دەبڵەكانی لاواز نییە، وەبزانرێت توانی ئیستۆپ و وەستانەوەی چۆنە. هەروەها لەوەدا توانای بزوێنەر و هەڵەی گێڕبۆكس دەتوانرێت هەست پێ‌ بكرێت.

9- ئەمە و چەند خاڵێكی دیكەش وەك پشكنینی لایتەكان و كارەبایی و دۆخی ناوەوەی ئۆتۆمبێلەكە.

10- لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە، بێ‌ پرس و ڕای كەسێكی شارەزا نرخ مەدە بە هیچ ئۆتۆمبێلێكی بەكارهێنراو.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا

ڕادیۆی خەڵک لەسەر سیستەمێکی گەورەی جیهانی کەوتە کار بەشێوەیەکی بەردەوام پەخشی دەبێت

خەڵک

ماڵپەری ڕادیۆ گاردن ماڵپەرێکی جیهانی و پێشکەوتووە کە زۆررترین ڕادیۆی لە خۆگرتووە لەسەر سیستەمێکی پێشکەوتوو کە دەتوانیت لە ڕێی سیستەمێکی جیهانییەوە و لەسەر نەخشەیەک گەڕان بۆ سەرجەم ڕادیۆکانی هەر ناوچەیەک بکەیت.
لە ئێستادا ڕادیۆی خەڵک جگە لەوەی پەخشی زەمینی هەیە بە شێوەیەکی بەردەوام و لەسەرجەم شارەکانی کوردستان لەسەر شەپۆلی 97.3 و هاوکات لەسەرماڵپەری خەڵک و ماڵپەری ڕادیۆگاردن بەم لینکە بەردەستە http://radio.garden/live/sulaymaniyah/xelk-radio/ و دەتوانن پاشەکەوتی لینکەکە بکەن تاوەکو لە هەرکاتێکدا بێت گوێبیستی پەخشی ڕادیۆی خەڵک بن.

تۆڕی میدیایی خەڵك دامەزراوەیەكی ڕاگەیاندن و ڕووناكبیریی تایبەتی بێلایەنە بۆ سوودی گشتی، خاوەن كەسایەتییەكی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی و لێهاتوویی خۆیەتی، بایەخدەدات بە كاروباری ڕاگەیاندنی ئەلیكترۆنی، پەخشی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و بەرهەمی میدیایی بەگشتی.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیا

فیستیڤاڵی تەکنەلۆجیای سلێمانی بەڕێوەچوو بە چەندین نمایشی جیاوازەوە

خەڵک- 
فیستیڤاڵی تەکنەلۆجیای سلێمانی، فیستیڤاڵیکی یەک-رۆژەی تەکنەلۆجی بوو کە ئەمڕۆ ئەنجامدرا لە لایەن ‘هاکاسولی’ و ‘فایڤ وەن لابس’ ەوە رێکخرابوو، فیستیڤاڵەکە گەنجی داهێنەر و هەموو ئەو کەسانەی خولیای تەکنەلۆجیان لەگەڵ سەرکردەو کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆجیا پێکەوە کۆکردبوویەوە.

ئامانج لەم فیستیڤاڵە، هاندانی بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆجیا، زیادکردنی حەز بۆ تەکنەلۆجیا  و فراوانکردنی تێگەیشتن بوو بۆ هەلی کار لە دیدی ئەو کەسانەی بە دوای کاردا دەگەڕێن .

لەم فیستیڤاڵەدا کەسانی بەهرەدار بە دوای کاردا دەگەڕان و خاوەن کاریش دەیتوانی باشترین بەهرەکان بدۆزێتەوە، بەم جۆرە ناساندێک لە نێوان بازاڕ و کەسانی پیشەگەر دروست دەبێت، وە زیاتر ڕوون دەبێتەوە بۆ گەنجان کە چ جۆرە لێهاتووییەک پەرەپێبدەن تاکو بتوانن لە داهاتوودا کار دەستەبەر بکەن.

فیستیڤاڵەکە پێک هاتبوو لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە:

– وتاری ‌قوباد تاڵەبانی، جێگری ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان لە بارەی گرنگی تەکنەلۆجیا.
– وۆرکشۆپێک سەبارەت بە پەرەپێدانی ماڵپەر.
– پێشبڕکێیەکی کۆدین.
– نمایشکردنی پرۆژەی خویندکارانی زانکۆ.
– پێشانگای هەلی کار تایبەت بە ئای-تی.
– شوێنی تایبەت بۆ یارییە ئەلکترۆنییەکان.

چەند وێنەیەکی فیستیڤاڵەکە:

بەردەوام بە لە خوێندنەوە
کام لەم وەزارەتانەی کابینەی ٨ لە ئاست خزمەتکردن بە هاولاتیان جێدەستی دیار بووە؟

کوردستان

دوایین