بەشێكی هاووڵاتیانی عێراق بۆ دەستكەوتنی دۆلار گەشتدەكەن



دۆلاری هەرزان گرفتی بۆ هێڵە ئاسمانییەكان و فڕۆكەخانەكان دروستكردووە، كڕینی ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢هەزار دینار لە ناو فڕۆكەخانەكانی عێراقدا خەریكە تەنگەژەی گەشت بۆ فڕۆكەخانەكان و هێڵە ئاسمانییەكان دروستدەكات، كاتێك بەشێكی هاووڵاتیان خوازیارن لە ڕێگەی گەشتەوە بڕێك دۆلاری هەرزانیان دەستبكەوێت.

لە هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران ڕاگیرا، بەپێی زانیارییەكان هۆكارەكەی هەوڵی ژمارەیەك كەسبووە بۆ دەستكەوتنی دۆلار لە ڕێگای گەشتەوە، كەسانێك خۆیان یان ڕاسپێدراون لەلایەن كەسانی دەوڵەمەند، كۆمپانیا و نوسینگەكانەوە بۆ كڕینی دۆلار لە ڕێگای گەشتەوە.

بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكان، ئەمریكا چاودێری فرۆشتنی دۆلار لە ڕێگای فڕۆكەخانەكانەوە دەكات، چاودێری فرۆشتنی دۆلارەكەش دەكات كە لە كوێ دەفرۆشرێتەوە لە دەرەوەی عێراق و لەو وڵاتانەی گەشتی بۆ دەكرێت، یان بۆ ناوخۆی عێراق دەگەڕێنرێتەوە، ئەوەش ڕەنگە مەترسی بۆ ئەو كەسانە دروست بكات كە بەو كارە هەڵدەستن.

لە سلێمانی پرۆسەكە بەردەوامە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەتوانن بڕە دۆلاری دیاریكراو بۆ گەشتەكانیان بە ١٣٢ هەزار دینار بكڕن و تا ئێستا گرفت دروستنەبووە.

فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەڕمی لە فڕۆكەخانەكان هەنگاوێكی عێراقە بۆ كەمكردنەوەی خواست لەسەر دۆلار و بەرزكردنەوەی بەهای دینار.

كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی عێراق فرۆشتنی تیكتەكانی لە دۆلارەوە كرد بە دینار، ئەوە هەنگاوێكی دیكەی بەغدایە بۆ بەرزكردنەوەی بەهای دینار.

هاووڵاتیان زۆرینەیان بە دینار تیكتی گەشتەكانیان لەهێڵی ئاسمانی عێراق دەكڕن، هەروەها دەتوانن جگە لە ئێران و لوبنان بۆ هەر وڵاتێكی دیكە حەوت هەزار دۆلاریش بە نرخی هەرزان لە فڕۆكەخانە بكڕن.

بە بڕیارێكی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ٨ی ئەم مانگە، فرۆشتنی تیكتی گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عێراق سەرجەمیان بە دینار دەبێت، ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٣٢ هەزار دینار وەردەگیرێت.

بەهۆی ئەم بڕیارەوە ئێستا ئەو هاووڵاتیانەی گەشت دەكەن، زۆرینەیان بە دینار تیكت دەكڕن، كەیهان عومەر كارمەند لە كۆمپانیای میران گرووپ بریكاری هێڵی ئاسمانی عێراق لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، ماوەی دوو هەفتەیە هێڵی ئاسمانی عێراق كە هێڵی نیشتیمانییە وڵاتەكەیە، سەرجەم مامەڵەكانی گەشتكردنی كردووە بە دینار، ١٠٠ دۆلاریش بەرامبەر ١٣٢ هەزار دینار وەردەگیرێت.

فرۆشتنی تیكت بەدینار بۆ هێڵە ئاسمانییەكان تازەیە، لە كاتێدا پێش ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو مامەڵانە بە دۆلار بووە، هاووڵاتیان ئازادن كە بە دینار تیكت دەكڕن یان دۆلار، ئەگەر دۆلاریش بێت ئەوا ڕاستەوخۆ سیستمەكە دەیكاتە دینار.

كەیهان عومەر ئەوەشدەخاتەڕوو، هاووڵاتیان ئێستا زیاتر گەشت دەكەن، بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی نزیكن و نرخی ڤیزاكەیان هەرزانە، ئەمەش لەپێناو قازانج، چونكە هەر گەشتیارێك دەتوانێت بڕی حەوت هەزار دۆلار بباتە دەرەوەی وڵات، لە فڕۆكەخانە ١٠٠ دۆلاری بە ١٣٢ هەزار دینار پێدەدرێت، بەمەش قازانج دەكەن لەبەر ئەوەی دوای گەڕانەوەیان ئەو دۆلارە لە بازاڕدا ١٠٠ دۆلار بە سەرو ١٥٠ هەزار دینار دەفرۆشنەوە.

ئێستا گەشتیاران دەتوانن لە فڕۆكەخانەكان بڕی حەوت هەزار دۆلار ببەنە دەرەوەی وڵات، كە هەر ١٠٠ دۆلارێكیان بەرامبەر ١٣٢ هەزار دینار پێدەفرۆشرێت، ئەمەش هەموو وڵاتەكانی جیهان دەگرێتەوە، جگە لە ئێران و لوبنان و كۆریای باكوور و چەند وڵاتێكی دیكە كە ڕێگا نادرێت دۆلار بۆ ئەو دوو وڵاتە ببرێت.

 

 

هەرێمی كوردستان خێوەت بۆ بوومەلەرزەلێدراوان هەڵ دەدات
پێشت هەرێمی كوردستان خێوەت بۆ بوومەلەرزەلێدراوان هەڵ دەدات
ڤیزای هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی کرا
دواتر ڤیزای هەرێمی کوردستان بە ئەلیکترۆنی کرا
ەیوەندیدار