بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كەسی یەكەمی حزبەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە



بڕیارە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و كەسی یەكەمی حزبەكانی هەرێم لە دوكان كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی ڕابروودا شاندێكی باڵای یەكێتی سەردانی بەشێكی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد و تیایدا گفتوگۆ كرا لەسەر پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق و دۆخی حكومڕانی لە هەرێم، كە یەكێتی نیگەرانە لە كەمی داهات و خزمەتگوزارییەكان لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرميان و ڕاپەڕین.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بڕیارە ڕۆژی پێنج شەممە لە هاوینە هەواری دوكان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە كۆببێتەوە، كە پێشتر سەردانيان كردوون و بۆ ئەوەش بانگهێشتنامەی فەرمی ئاڕاستە كردوون.

ڕاشیگەیاند، پێمان وایە، هەر كۆبوونەوەیەك لەنێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدرێت، كە ئامانج لێی هێوركردنەوەی ناكۆكی نێوان لایەنەكانە، كۆبوونەوە و دەستپێشخەرییەكی باشە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكە ببێتە هۆی كۆتایی هێنان بە گرژییەكان و ڕێكبكەون لەسەر ستراتیجێكی نیشتمانی.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد، ئەجێندای كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردنە لەسەر كێشەكانی هەرێمی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی عێراقە.

وتیشی، “ئەوەی بیستومانە، پارتی دوای كۆنگرە دەستپێشخەرییان هەیە و دەیانەوێت كۆببنەوە لەگەڵ هێزەكان و بەتایبەتیش كۆبوونەوەی لوتكەی پارتی و یەكێتی، بۆیە ئەگەر كۆبوونەوەكان بۆ كۆتایی هێنان بە گرژی نێوان ئەو دوو حزبە بێت كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی دەبێت”.

پزیشكەكان هۆشداریی دەدەن: ئەنفلۆنزای ئەمساڵ كوشندەترینە
پێشت پزیشكەكان هۆشداریی دەدەن: ئەنفلۆنزای ئەمساڵ كوشندەترینە
خوێندكارە دەستگیركراوەكانی زانكۆی سلێمانی ئازاد دەكرێن
دواتر خوێندكارە دەستگیركراوەكانی زانكۆی سلێمانی ئازاد دەكرێن