یەكەم ڕۆژی فەرز بوونی نوێژە



ئیسڕا و میعراج دوو ڕووداوی گەورەن و بە موعجیزەی گەورەی مرۆڤایەتی ناسراوە، كە لە یەك شەودا بە سەر محەمەد (د.خ) پێغەمبەری ئیسلامدا ھاتوون و تێیاندا پێغەمبەر لە مەككەوە ڕۆشتوە بۆ ئۆرشەلیم (قودس) و لەوێوە بۆ ئاسمانەكان و دواتر گفتوگۆی لەگەڵ خوای گەورە ئەنجامدا و نوێژ فەرز كرا، وەك زانایانی ئایینی-ش دەڵێن: “یەكەم نوێژی فەرز نوێژی نیوەڕۆ بووە”.

بەپێی ڕۆژمێری (كۆچی)، شەوی ڕابردوو، شەوی 17 لەسەر 18ی شوبات-ی 2023 بەرامبەر بە شەوی 27ی ڕەجەب-ی 1443ی كۆچی، كە لەو شەوەدا و بە ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (كۆچی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە) موعجیزەی (ئیسڕا و میعراج) ڕوویدا و یەكێك لە پایەكانی ئیمان و ئیسلام لەسەر پێغەمبەر (د.خ) و موسڵمانان فەرزكرا، كە ئەویش نوێژە.

ئەمڕۆ 27ی ڕەجەبی ساڵی 1444ی كۆچی ماوەی 1445 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر فەرزبوونی نوێژ بەو پێیەی ساڵێك پێش ڕووداوی گەورەی (ئیسرا و میعراج) فەرزكراوە و یەكەم نوێژی فەرزیش، كە پێغەمبەر (د.خ) كردوویەتی، نوێژی نیوەڕۆ بووە.

مەلا ئەحمەد قامیشی، مامۆستای ئایینی لە شاری سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە موعجیزەی شەو ڕەوی (ئیسڕا و میعراج)ی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) ئەو بەخششەی خوای گەورە پێی بەخشی بە خۆی و ئوممەتەكەی، فەرزكردنی نوێژ بوو.

ڕاشیگەیاند، یەكەم نوێژی فەرز كە پێغەمبەر (د.خ) ئەنجامی داوە نوێژی نیوەڕۆ بووە و حەزرەتی جوبرەئیل (س.خ) نوێژەكەی فێری پێغەمبەر كردووە بەجۆرێك ئەو نوێژەكەی كردووە و لەدوایەوە پێغەمبەر كردویەتییەوە.

وتیشی، “نوێژە فەرزەكانی خوای گەورە 50 نوێژ بووە، بەڵام خوای گەورە لە خۆشەویستی و ڕێژی پێغەمبەرەكەی كەمی كردۆتەوە بۆ 5 نوێژ، كە وەك نوێژ 5 نوێژ دەكرێت، بەڵام خێر و پاداشتی لای خوای گەورە 50 نوێژە”.

ئیسڕا و میعراج چییە؟
ئیسڕا:
ئیسڕا بریتیە لە سەفەری شەوانەی پێغەمبەری ئیسلام ﷺ لە مەككەوە بۆ قودس. ئەم گوێزانەوەیە لە قورئاندا لە سورەتی (ئیسرا)دا باسی لێ كراوە.

بەشێك دەقی ئایەتەكە بە كوردی ئەمەیە: “پاك و بێسووچە ئەو كەسەی، كە بەندەكەی خۆی لە شەودا لە مزگەوتی حەرامەوە برد بۆ مزگەوتی ئەقسا، كە دەورەكەیمان پیرۆز كردوە، تا ھێندێك لە نیشانەكانی خۆمانی پێ پیشان بدەین”.

میعراج:
میعراج بریتییە لە بەرزبوونەوەی محەمەد ﷺ بەرەو ئاسمانەكان لەگەڵ جوبرەئیلدا، پێغەمبەر ﷺ لەم گەشتەدا لەگەڵ خودادا گفتوگۆی كرد و چاوی بە كۆمەڵێك لە پێغەمبەران و فریشتەكان كەوت. باسی میعراج لە قورئاندا نەھاتووە و لە فەرموودەوە وەرگیراوە.

ئیسڕا و میعراج لە وێژەی كوردیدا:
مەولەوی لە عەقیدەی مەرزییەدا بەم جۆرە باس لە میعراج دەكات:

ڕێی چەن هەزار ساڵ، تەی چەن حیجابات
زاتی حەق، كەلام، سوئال جەوابات
چوو، بوو، دی، بیستی، كریا، دریاوە
ھاتەوە حەڵقە ھەر دەلەریاوە

مەحوی دەڵێ:
شەو، شەوی میعراجی شاھی ئەنبیا بێ وا دەبێ
بیپەرستێ، بەڵكوو سوجدەی بۆ ببا ھەر ئانە ڕۆژ

چۆن نوێژ فەرزكرا؟
پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ﷺ لە شەوی ئیسڕا و میعراجدا بە یاوەری حەزرەتی (جوبڕەئیل) چۆتە خزمەتی خوای گەورە لە (سیدرە) كە جێگایەكە هیچ كەس نەچۆتە ئەو شوێنە تەنها پێغەمبەر ڕۆشتووە ﷺ، بەڵام پێغەمبەر- خوای نەبینیوە، بەڵكو تەشریفات و ئیمتیازێك بوو لەو جێگایەدا درایە پێغەمبەری خوا ﷺ لە گەڕانەوەیدا خوای گەورە نوێژی فەرزكرد لەسەر موسڵمانان.

ئەوەی لە فەرموودە باسكراوە سەبارەت بە گفتوگۆی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ:
پێغەمبەر ﷺ لەو جێگایەدا، كە بە (سدرە المنتهی) لە گفتوگۆیەك لەگەڵ خوای گەورە دەكات.. پێغەمبەری خوا ﷺ، فەرمووی لەو جێگایەدا نەمزانی چی بڵێم لە خزمەتی پەروەردگاردا.. خوای گەورە خستیە دڵم بڵێم: (التحیات المباركات الصلوات الگیبات لله) واتا “سڵاوێك پڕبێت لە پیت و بەرەكەت و باشە كەشایستەی خوای گەورە بێت”، خوای گەورە وەڵامی پێغەمبەری دایەوە ﷺ فەرمووی: (السلام علیك أیها النبی ورحمە الله وبركاته) واتا “سڵاو لە پێغەمبەر بێت و ڕەحمەت و بەركەتی خوا بەسەرتەوە بێت ئەی محمد”.. پاشان فریشتەكانی، كە گوێیان لەم گفتوگۆیەی خوای گەورە و پێغەمبەر ﷺ بوو ئەوانیش فەرموویان (السلام علینا، وعلی عباد الله الصالحین) واتا “ئەو سڵاوی پڕ پیت و بەركەتەش لە ئێمەی فریشتە و چاكەخوازن بێت لە چەكەخوازنی سەرزەوی بە پیاو و ژنەوە”.. ئیتر لەو كاتەوە سروودی نیشتیمانی و ئاینی و دینداری موسڵمانان بووبە بەم سروودە یەكتاپەرستیە بە یەك دەنگ لە ئاسمان و زەویدا ئەوەی موسڵمانە هاواریان كرد..( أشهد أن لا إله إلا الله، وأشهد أن محمداً ڕسول الله).

ئایا پێغەمبەر ﷺ بەڕۆحی چۆتە خزمەت خوای گەورە یان بە جەستەش؟
ئەهلی (سوننەت و جەماعە) پێمان وایە، كە بە دڵنیایەوە بە لاشە و جستەی سەرتاپا تەشریفی بردوە بەروە ئاسمان و بۆ قودس-یش هەروەها، بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە، كە ئەگەر وانەبێت موعجیزەكە ئەوەندە گەورە نەدەبوو، چونكە، كە دەڵێن موعجیزەیە دەبێت هەموو مرۆڤ و تەنانەت بونەوەری خوای گەورە لەبەردەم ئەو معجیزەیەدا دەستەوستان بن.

“خەمڵاندنەکان بۆ باجی خانووبەرە دادپەروەرانە نییە”
پێشت “خەمڵاندنەکان بۆ باجی خانووبەرە دادپەروەرانە نییە”
فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ پێدانی دۆلار بە 132 هەزار ڕوونكردنەوە دەدات
دواتر فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ پێدانی دۆلار بە 132 هەزار ڕوونكردنەوە دەدات
ەیوەندیدار