چەند ڕێنماییەك بۆ شۆفێریكردن لەكاتی بەستنی شەقامەكاندا



كاتێك پلەكانی گەرما بۆ سفر یان ژێر سفری سەدی دادەبەزن، شەقامەكان دەیبەستێت و بەو هۆیەوە لەو كاتەدا مەترسی لەسەر شۆفێریكرن دروستدەبێت.

پێویستە لەو كاتەدا لە ماڵەوە بمێنیتەوە، بەڵام ئەگەر ناچار بوویت لە ماڵەوە بێیتە دەرەوە و شۆفێری بكەیت ڕەچاوی ئەم ڕێنماییانە بكە…

یەكەم: خێراییت كەمبكەرەوە

لە كاتی بەستنی ڕێگەوبانەكاندا، پردەكان و ئۆڤەرپاسەكان خێراتر لە شەقامەكان دەیبەستن، بۆیە پێویستە كاتی پەڕینەوە بەسەریاندا ڕەچاوی كەمكردنەوەی خێرایی بكەیت. هەرچەند لە خێراییەكی بەرزتردا برێك بگریت و هەوڵی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكەت بدەیت، مەترسیی پێكدادان و خزان لەسەر ئۆتۆمبێلەكەت زیاتر دەكات. هەوڵبدە خێراییەكەت لە 20 كم لە كاتژمێرێكدا بهێڵیتەوە.

دووەم: تایەكانی ئۆتۆمبێلەكەت بپشكنە

هەر كاتێك پلەی گەرمی دابەزی بۆ ژێر سفر پلەی سیلیزی، باشترە تایەی تایبەت بە زستان بەكاربهێنیت، بەڵام لە ئەگەری ئەوەی تایەی چوار وەرزی بەكاردەهێنیت كە زۆربەی كات لە هەرێمی كوردستان وایە، تایەكان كەمتر شەقام دەگرن، بەوەش ئەگەری خلیسكان زیاددەبێت، لەم بارەدا وا باشترە تۆزێك هەوای نێو تایەكان كەمبكەیتەوە بۆ ئەوەی ئەگەری خلیسكان كەمتربێتەوە، جگە لەوەش، پێویستە پشكنین بۆ گوشاری تایەكان لای میكانیكێك بكەیت بە جۆرێك گوشارەكە گونجاو بێت بۆ سەرماوسۆڵە.

سێیەم: مەودای نێوان ئۆتۆمبێلەكەت و ئۆتۆمبێلەكانی دیكە بپارێزە

لەكاتی دروستبوونی شەختە و بەستنی شەقامەكان، ئەگەر ویستت برێك بگریت، ئۆتۆمبێلەكەت دەخزێت و دەبێتە هۆی ئەوەی خۆت بە ئۆتۆمبێلی پێشەوەتدا بكێشیت، بە وەرگرتنی مەودایەك، بە جۆرێك لە 10 مەتر كەمتر نەبێت، دەتوانیت خۆت لە پێكدادان بپارێزیت، دوورییەكە بەگوێرەی خێراییەكەش دەگۆڕێت، واتە، كاتێك هەردوو ئۆتۆمبێلەكان بە خێرایی 80 كم/كاتژمێر لە رێگادا دەڕۆن، دەبێت دوورییەكە زیاتر بێت لەوەی كاتێك خێراییەكە 20 كم/كاژێرە، چونكە ئەگەر پێویستت بە برێكگرتن بوو، مەودای پێویستت دەبێت بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەكەت بكەیت.

چوارەم: ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەكسڵ

لە كاتی شەختە و بەستنی شەقامەكاندا، واباشە ئەگەر ئۆتۆمبێلی دەبڵ ئەكسڵت هەبێت، گێڕی دووەم بەكاربێنیت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەت بە قورسی رێگەكە بگرێت و كۆنترۆڵكردنی تۆكمەتر بێت، ئەوە لە هەڵبەز و دابەزەكانیشدا زیاتر یارمەتیت دەدات.

پێنجەم: لایتەكانی ئۆتۆمبێلەكەت بپشكنە

لە كاتی سەرماوسۆڵەدا، زۆرجار تەمومژ دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەودای بینین، بۆیە گرنگە لایتەكانی ئۆتۆمبێلەكەت بە‌هێز بن بۆ ئەوەی پێشەوەت بەباشی ببینیت.

شەشەم: دەستگرتن بە سوكانەوە (ستێرن)

لە كاتی بەستنی شەقامەكاندا، كەمترین پێچ بەلای ڕاست و چەپدا، دەكرێت وابكات ئۆتۆمبێلەكەت لە شەقام بچێتە دەرەوە یان تەنانەت ببێتە هۆی وەرگەڕانی، بۆیە گرنگە دەست بە سوكانەكەتەوە بگریت و بەشێوەیەكی ڕاست و تۆكمە سوكان بگری.

حەوتەم: لە پێچەكاندا بە هێواشی شۆفێری بكە

لە كاتی گەیشتن بە پێچێك یان U-turn، ئەگەری زۆرە تایەكانی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەكەت پێچی تووند بكەن و ببێتە هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەت بە دەوری خۆیدا بخولێتەوە و لە شەقام دەربچێت یان وەربگەڕێت. لەم بارەدا، پێویستە خێراییەكەت زۆر كەمبكەیتەوە و بە هێمنی پێچەكە دەرباز بكەیت.

هەشتەم: جلوبەرگی گونجاو لەبەربكە

مەبەست لێی ئەوەیە ئەو جلوبەرگەی لەبەر دەكەی، نەبێتە هۆی ئەوەی نەتوانی بەباشی ئۆتۆمبێلەكەت كۆنتڕۆڵ بكەیت، بۆ نموونە، لەبەركردنی جلی زۆر و چاكەت توانای گرتنی سوكانی ئۆتۆمبێلەكەت كەمدەكاتەوە، جگە لەوەش، هەرگیز بەبێ پێڵاو شۆفێری مەكە، ئەگەر لە شوێنێك وەستای كە بەفر و سەهۆڵی لێبوو، واباشە پێیەكانت لە بەفرەكە پاك بكەیتەوە بۆ ئەوەی خلیسكان لەنێوان پێیەكانت و پەیدانەكانی ئۆتۆمبێل (برێك، كلاچ و بەنزین) دروست نەبێت.

نۆیەم: گڵۆپی ئاگاداركردنەوە پێبكە

لە كاتی هەستكردن بە مەترسیی خلیسكان، واباشە ئۆتۆمبێلی دوای خۆت لە مەترسییەكە ئاگاداربكەیتەوە، ئەوەش بە هەڵكردنی گڵۆپی چواریی كە بۆ ئاگاداركردنەوە لە كاتی وەستاندا بەكاردەهێندرێت.

دەیەم: ئەگەر خلیسكای چی بكەیت؟

گرنگترین شت لە كاتی خلیسكاندا، دەستگرتنە بە سوكانەكەتەوە و بە ئاڕاستەیەكی دروستدا بچیت، هەرگیز بە خێرایی پێچ مەكەرەوە، ئەوە ئەگەری وەرگەڕان زیاتر دەكات. هەوڵمەدە بە تووندی برێك بگریت، چونكە ئەوە تەنیا دۆخەكە خراپتر دەكات، هەوڵبدە بەشێنەیی خێرایی ئۆتۆمبێلەكەت كەمبكەیتەوە

لەچەند شوێنێك دەوامی خوێندن كاتژمێرێك دوادەخرێت
پێشت لەچەند شوێنێك دەوامی خوێندن كاتژمێرێك دوادەخرێت
ئەمریكا ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی عێراق بڵاوكردەوە
دواتر ئەمریكا ڕاگەیاندراوێكی لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی عێراق بڵاوكردەوە
ەیوەندیدار