ئیمارات پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ شنگال دابینكرد



 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیمارات ڕایگەیاند بە هاوكاری و دەستپێشخەری نادیە موراد چالاكوانی ئێزدی بڕی یەك ملیۆن و ٨٣٠ هەزار درهەم كە نزیكەی پێنج ملیۆن دۆلاری ئەمریكاییە، بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەیەكی پەرەپێدانی گشتگیر بۆ دابینكردنی ئاو ‌و پاكوخاوێنی ژینگەیی لە قەزای شنگال دابیندەكات.

سوڵتان ئەلشەمسی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند: ئیمارات كاردەكات بۆ ئەوەی بەشداری بكات لە پاڵپشتیكردنی سەرجەم پڕۆژەكانی سەقامگیری لەو ناوچانەی بەهۆی هێرشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە زیانیان بەركەوتووە لە قەزای شەنگال لە پارێزگای نەینەوا، لەڕێگەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ پەراوێزخراوەكان، بەتایبەتی ژنان و منداڵان و بەساڵاچووانی ئێزدی.

ئاماژەی بەوەشكرد: “لەڕێگەی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكەوە، هەوڵی دابینكردنی ئاو و پاكوخاوێنی ژینگەیی بۆ ٩ گوندی قەزای شنگال دەدەین، ئەوەش لە چوارچێوەی سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكەدا دێت، كە توانیویانە هەموو ئامانجەكانی بەدەستبهێنێت”.

لای خۆیەوە نادیە موراد باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێناوە، سوپاسی محەمەد بن زاید ئالنەهیان، سەرۆكی دەوڵەتی ئیماراتی كردووە بۆ دەستپێشخەرییەكانی بۆ پشتیوانیكردن لە سەقامگیریی عێراق و بەرزكردنەوەی چانسى گەیشتن بە ئاشتی.

ناوبراو پێزانینی خۆی بۆ بەردەوامی هاوكارییەكانی ئیمارات دەربڕی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بۆ ژمارەیەك گوندی سەر بە قەزای شنگال، لەڕێگەی واژۆكردنی ڕێككەوتنێك بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە، وەك درێژەدان بەو هەوڵانەی لە ماوەی ڕابردوودا دراون.

لە باكووری كوردستان گیانلەدەستدان گەیشتە زیاتر لە 14 هەزار كەس
پێشت لە باكووری كوردستان گیانلەدەستدان گەیشتە زیاتر لە 14 هەزار كەس
هاتووچۆی هەولێر داوایەك لە شۆفێران دەكات
دواتر هاتووچۆی هەولێر داوایەك لە شۆفێران دەكات
ەیوەندیدار