حكومەتی هەرێم كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووان ڕادەگەیەنێت



ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكارەساتی بوومەلەرزە و ئامادەكارییە پزیشكییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەكاتی ڕوودانی كارەساتی سروشتی و سنوورداركردنی زیانەكانی بوومەلەرزە تاوتوێ دەكات و كەمپینێكی بەرفراوانی گەیاندنی هاوكاری و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ زیانلێكەوتووانی كارەساتەكەی باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان ڕادەگەیەنێت.

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی شوباتی 2023 كۆبووەوە و لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی حكومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی هەرێمی كوردستانی بۆ كەسوكار و بنەماڵەی قوربانیانی بوومەلەرزەی هەردوو وڵاتی توركیا و سوریا دووپاتكردەوە .

ئاماژەی بەوە دا، كە هەرێمی كوردستان بە پێی توانا هەموو هاوكاری و یارمەتییەكی پێویست پێشكەشی زیانلێكەوتووانی ئەم كارەساتە دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەكەمین كاروانی فریاگوزاری و هاوكاری هەرێم گەیەنرایە توركیا و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت. لە هەمانكاتدا ڕێكاری پێویستیش گیراوەتە بەر بۆ ناردنی كاروانی فریاگوزاری بۆ ناوچە زیانلێكەوتووەكانی سوریا.

هاوكات ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، كەمپینێكی بەرفراوانی گەیاندنی هاوكاری و كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ زیانلێكەوتووانی كارەساتەكە ڕابگەیەنێت و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ڕاسپێردران، بۆ ئەم مەبەستە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر.

پاشان لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ڕاپۆرتێك سەبارەت بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە كارەساتی بوومەلەرزە و ئامادەكارییە پزیشكییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لە كاتی ڕوودانی كارەساتی سروشتی و سنوورداركردنی زیانەكانی بوومەلەرزە، لە لایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو .

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەكان و پڕۆگرامەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان، كە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوەكەی بە كۆی دەنگ پەسەند كرد.

ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەكان لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان ( بەتایبەتی كێشەی ئاو و كارەبای دەربەندیخان) كرد، لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت ڕاسپێردران، كار بۆ باشتركردنی خزمەتگوازییەكان و نەهێشتنی كێشە و گرفتەكان بكەن.

عیراق دەبێتە دەوڵەتێكی غازی
پێشت عیراق دەبێتە دەوڵەتێكی غازی
وەزارەتی دارایی بۆ نرخی دۆلار بڕیارێكی دەركرد
دواتر وەزارەتی دارایی بۆ نرخی دۆلار بڕیارێكی دەركرد
ەیوەندیدار