حكومەت وەرگرتنی 5 هەزاری پارەی خۆڵ و خاشاكی ماڵانی هەڵوەشاندەوە



لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە 6 هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و دواتر چارەسەر دەكرێت، كە تێچووی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی هەر تۆنێكیش، نزیكەی 50 هەزار دینارە و بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانیش ئاشكرای دەكات، كە جگە لە شوێنە بازرگانییەكان، پارەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە ماڵان وەرناگیرێت و خزمەتگوزارییەكی خۆڕاییە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردۆتەوە، كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك، یەكێكە لە خزمەتگوزارییە بەردەوامەكانی حكومەت و ساڵانەش خەرجییەكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان دەكرێت. لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە 6 هەزار و 900 تۆن زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە و دواتر چارەسەر دەكرێت، كە تێچووی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی هەر تۆنێكیش، نزیكەی 50 هەزار دینارە.

ئاراس فوئاد، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، “پرسی ژینگە و بەتایبەتی سێكتەری خاشاكی ڕەق و چارەسەركردنی، لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە گرنگییەكی زۆری پێدراوە. هەنگاوەكانیش ئێستا لەژێر لێكۆڵینەوە و تاقیكردنەوەدایە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هەولێر یەكێكە لەو پڕۆژانەی لەلایەن تیمێكی ڕاوێژكار و تایبەتمەندەوە، دەست بە تاووتوێكردنی كراوە؛ ئێمەش چاوەڕێی ڕاپۆرتی كۆتاییان دەكەین، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەكە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

وتیشی، “بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئەنجاممان داون، هیچ شارەوانی و شوێنێك لە هەرێمی كوردستان نییە، كە گرێبەستی بۆ ئەنجام نەدرابێت؛ سەرجەم شارەوانییەكان ڕێكار و كارەكانیان بۆ ڕێكخراوە و بە هەمان شێوە و سیستەم لە زبڵ و خاشاك خاوێن دەكرێنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “حكومەتی هەرێمی كوردستان، جگە لە شوێنە بازرگانییەكان، هیچ بڕە پارەیەك لە بەرانبەر كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك وەرناگرێت و وەك خزمەتگوزارییەكی خۆڕایی پێشكەشی هاووڵاتیانی دەكات”.

ڕاشیگەیاند، “لەپێناو پاراستنی ژینگەشدا، پلانی ئایندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، شێوازی چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك بگۆڕێت و وا بكات دووبارە بەكاربهێندرێنەوە”.

لە ماوەی ڕابردوودا جگە لە شوێنە بازرگانییەكان، كە پارەیەكی زۆرتریان بۆ دانرابوو، هەر ماڵێكیش بڕی 5 هەزار دیناری مانگانەی لێ‌ وەردەگیرا بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و ئەو كارەش درابوو بە كۆمپانیاكان، بەڵام دواتر دادگای تەممیزی هەرێمی كوردستان ئەو پڕۆسەیەی هەڵوەشاندەوە و بە كارێكی نایاسایی وەسفی كرد و وەك لە بڕیارەكەشدا هاتبوو، “بەپێی یاسای شارەوانییەكان، دەبێت حكومەت خۆی پارەی ڕسوماتی خزمەتگوزارییەكان وەربگرێت و نابێت بدرێتە كۆمپانیا”.

سلێمانی؛ هۆڵی بلیاردێك داخرا بزانە كێی تێدابووە
پێشت سلێمانی؛ هۆڵی بلیاردێك داخرا بزانە كێی تێدابووە
عیراق دەبێتە دەوڵەتێكی غازی
دواتر عیراق دەبێتە دەوڵەتێكی غازی
ەیوەندیدار