تەرمی ئەیوبی ١٣ ساڵان پاش ١٣ ڕۆژ دۆزرایەوە



پاش ١٣ ڕۆژ لە گەڕانی بەردەوام تەرمی “ئەیوب ئەحمەد” لە ناحیەی کەسنەزان لە گۆمێکدا دۆزرایەوە، بڕیارە تەرمەکەی لە زێدی خۆی لە بناری چیای زەردک بەخاک بسپێردرێت.

ئەیوب ئەحمەد منداڵێکی ١٣ ساڵان بووە، نەخۆشی گەشکەی هەبووە، ڕۆژی سێ شەممە ٢٤ی مانگی ڕابردوو کاتژمێر 1ی نیوەڕۆ لەماڵی خۆیان لە گەڕەکی کەسنەزانی نوێ (قەرەبوو) دەرچووە، بەڵام نەگەڕایەوە.

پاش سێ ڕۆژ لە گەڕانی بێئەنجام، باوکی ئەیوب، ئەحمەد سەعدوڵڵا لە ڕێی ڕاگەیاندنەکانەوە هەواڵی دیارنەمانی منداڵەکەی بڵاودەکاتەوە.

ماوەی ١٣ ڕۆژە بەردەوام سەدان هاووڵاتی، سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، شارەوانی و تیمێک لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ئەیوب-دا.

یاسین مەحمود ڕەشید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێز ڕایگەیاند، بڕی ١٠ ملیۆن دینار وەک پاداشت دەداتە هەر کەسێک، کە سۆراخێكی ئەو منداڵە بكات.

هاوكات، نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاووڵاتییەک لە ناحیەی کەسنەزان هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی منداڵێک لە گۆمێکدا بە پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕادەگەیەنێت، پاش دۆزینەوەی تەرمەکە دەبرێتە پزیشکی دادی هەولێر، لەوێ نیشانی کەسوکاری ئەیوب ئەحمەد دەدرێت.

پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا پشتڕاستی کردووە ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە، ئەیوب ئەحمەدی ١٣ ساڵانە، مردنی منداڵەکەش تەنها قەزا و قەدەر بووە.

ئەحمەد سەعدوڵا، باوکی ئەیوبی ١٣ ساڵان ڕایگەیاند، کە تەرمی منداڵەکەیان دەبەنەوە بۆ بناری چیای زەردک لە نەینەوا و لەوێ بە خاکی دەسپێرن.

یاسین مەحمود ڕەشید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێز، پاش بیستنی هەواڵی دۆزینەوەی تەرمی ئەیوبی ١٣ ساڵان لە بروسکەیەکی ماتەمینیدا هاوخەمی و سەرخۆشی بۆ بنەماڵەی ئەیوب ئەحمەد دەربڕی و ڕایگەیاند، “لەخوای گەورە داواكارم هەمووان پارێزراو بكات و كاكە ئەیوبیش بخاتە بەر میهرەبانی فراوانی خۆی و حەساوەی بەهەشت بێت، لەسەر بەڵێنی خۆمان بۆ سۆراغی ئەیوبی جوانەمەرگ سوورین و بەشداری پرسەكەی دەبین و هەركارێكیش بە ئێمە بسپێردرێت، خزمەتكاری هەمووانین”.

فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتیان نامێنێت و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت
پێشت فۆڕمی خۆراكی هاووڵاتیان نامێنێت و گۆڕانكاری تێدا دەكرێت
پەرلەمانی عێراق متمانە لە پارێزگارێك دەستێنێتەوە
دواتر پەرلەمانی عێراق متمانە لە پارێزگارێك دەستێنێتەوە
ەیوەندیدار