مەسرور بارزانی: دادگای باڵای ئیتیحادی بەكاردەهێنرێت بۆ تێكدانی ڕێككەوتنەكان



ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان شاندی دانوستانكاری ڕاسپارد بۆ سەردانی بەغدا و دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان و مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 بە زووترین كات پەسەند بكرێت و ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش دابین بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی (شوبات)ی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا و بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدانی یەكی شوبات، سەرۆك وەزیران، بەڕێز و پێزانینەوە، یادی شەهیدانی كارەساتی یەكی شوباتی كردەوە و وتی: لە یادی شەهیدانی یەكی شوباتدا، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەكانمان دادەنوێنین. هەروەها پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی دووپات دەكەینەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، بەرنامەی دانوستانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ، لەلایەن سەرۆك و ئەندامانی شاندەكە خرایەڕوو، بە مەبەستی پەسەندكردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، هەروەها ڕاسپاردنی شاندی دانوستانكار بۆ سەردانی بەغدا و دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان لە بەر ڕۆشنایی ئەم بەرنامە پەسەندكراوەدا.

سەرۆك وەزیران، وێڕای دووپاتكردنەوەی خواستی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێككەوتنی لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت و كارنامەی وەزاری كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، كە ئەوەی لە سەر هەرێمی كوردستان و شاندی هەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، بۆیە چاوەڕێی حكومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان.

وتیشی، بە داخەوە، دادگای باڵای ئیتیحادی بەكاردەهێنرێت بۆ تێكدانی هەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. سەرۆك وەزیران، هیوای خواست پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 بە زووترین كات پەسەند بكرێت و ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش دابین بكرێت.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن دەربارەی بابەتی كاخەزە داراییەكان لە هەرێمی كوردستان .

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان و فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوونی ڕاسپارد،كە لە ماوەیەكی نزیكدا، سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەكانیان سەبارەت بەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لە بڕگەی سێیەمدا، چارەسەركردنی كێشەی دەستەبەری بانكی ( خطاب ضمان) ی پڕۆژە وەستاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە كراو لەم ڕووەوە، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە خرانەڕوو و پەسەند كران.

بەرپرسێكی سەر بە ڕووسیا: جەنگی ئەتۆمی بەرپا دەبێت
پێشت بەرپرسێكی سەر بە ڕووسیا: جەنگی ئەتۆمی بەرپا دەبێت
ئێران: لە هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری هێرشی سەر ئەسفەهان كراوە
دواتر ئێران: لە هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری هێرشی سەر ئەسفەهان كراوە
ەیوەندیدار