ئێران: لە هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری هێرشی سەر ئەسفەهان كراوە



ئێران هۆشداری دەداتە پارتەكانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی كوردستان

كۆماری ئیسلامی ئێران، پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستان لە هێرشەكەی ئەسفەهانەوە دەگلێنێت و مەترسی كاردانەوەش هەیە، ئێران دەڵێت لە هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێگای گرووپێكی كوردییەوە كەلوپەلی هێرشبردن براوەتە ناو خاكی ئێرانەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی سیاسی لە پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان ئەو زانیارییانە ڕەتدەكاتەوە.

كۆماری ئیسلامی ئێران، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بە هاوكاریكردن لە هێرشە ئاسمانییەكەی سەر كارگەیەكی سەربازی لە شاری ئەسفەهان تۆمەتبار دەكات.

ئاژانسی هەواڵی مێهری فەڕمی ئێران بڵاویكردەوە “پارچەكانی درۆنی هێرشبەر بۆ سەر كارگەی وەزارەتی بەرگری لە ئەسفەهان بە هاوكاری و ڕێنوێنی گرووپێكی كوردی جێگیر لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ناو ئێران، كە نەیاری ئێرانە”.

ئاماژەی بەوەشكرد “ئەم گرووپە بەداخوازی دەزگای ئاسایشی بیانی دوای ئەوەی پارچەكانی ئەو درۆنە و مادەی تەقەمەنییان وەرگرتووە، لە ڕێگای باكووری ڕۆژاوای ئێرانەوە (سنوورەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان) ڕادەستی دەستوپەیوەندی دەزگای ئەمنی بیانی لە شارێكی سنووری ڕۆژهەڵات كراوە”.

ڕوونیشیكردەوە “ئەم پارچە درۆنانە و تەقەمەنی لە كارگەیەكدا لە لایەن هێزی پسپۆڕەوە مۆنتاژ كراون و بۆ خراپەكاری بەكارهێنراون”.

تا ئێستا حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەبارەی ئەو هەواڵەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەكیان بە فەڕمی نەداوە، بەڵام چاوەڕێی كاردانەوەی ئێران دەكرێت.

پێشتر چەندجارێك ئێران، پارتە ڕۆژهەڵاتییەكانی بە تێكدانی ئاسایشی ئێران و دەستهەبوون لە گرژییەكانی ئێراندا بەهاوكاری دەستی بیانی تۆمەتباركردووە، بەڵام پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەنەوە.

ئێران چەند جار پارتە ڕۆژهەڵاتییەكانی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و دەزگەی هەواڵگری ڕۆژئاوایی تۆمەتباركردووە.

سەرچاوەیەكی سیاسی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئێمە وەك پارتە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان چ ئەوانەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بنكە و بارەگایان هەیە، چ ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵات چالاكییان هەیە، ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە، پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان لە گرژییەكانی ئێران تەنها ڕێنمایی خەڵكی ڕاپەڕیویان كردووە و پشتیوانیان كردوون، نە هێزی چەكداریان ناردووە، نە لەگەڵ دەزگەی ڕۆژئاواییدا هاوكاریان هەبووە.

ڕاشیگەیاند، كۆماری ئیسلامی ئێران خوازیارە لە ڕێگای ئەو تۆمەتانەوە لەلایەكەوە بنكە و بارەگای پارتە ڕۆژهەڵاتییەكان بە ئامانج بگرێت، لەلایەكی دیكەشەوە پەیامێك بەناوخۆی بدات، كە ئەو ڕەوشەی تێیكەوتووە، بیخاتە ئەستۆی دەستی دەرەكی.

نزیكەی پێنج مانگە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەهۆی كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی ئێرشادەوە گرژی و ئاڵۆزی بەردەوامی هەیە.

ئێران لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان چەند جارێك بنكە و بارەگای حیزبە كوردییەكانی لە هەرێمی كوردستان بۆردوومانكرد و هەڕەشەی هێرشی زەمینیشیكرد لە حاڵی دوورنەخستنەوەی ئەو حیزبانە لە هەرێمی كوردستان لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و بەغداوە.

 

مەسرور بارزانی: دادگای باڵای ئیتیحادی بەكاردەهێنرێت بۆ تێكدانی ڕێككەوتنەكان
پێشت مەسرور بارزانی: دادگای باڵای ئیتیحادی بەكاردەهێنرێت بۆ تێكدانی ڕێككەوتنەكان
بە ئۆنلاین ناوی خۆت بۆ حەج و عومرە تۆمار بكە
دواتر بە ئۆنلاین ناوی خۆت بۆ حەج و عومرە تۆمار بكە
ەیوەندیدار