بە ئەمنی کردن و بازرگانیکردن بە مۆڵەتی شۆفێرییەوە!


*کاروان گەزنەیی

بە ئەمنی کردن و بازرگانیکردن بە مۆڵەتی شۆفێرییەوە, کۆمپانیا قازانج دەکات، و حکومەت لێخۆشبوونی بۆ دەکات!

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بە بێ ڕاگەیاندنی هیچ جۆرە تەندەرێک، کۆمپانیایەکی ئەڵمانی هێناوە بۆ ئەوەی نوێکردنەوە و دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان، هەر مۆڵەتێک- ئەگەر لە بارێکدا شۆفێر هیچ پابەندی و پێشینەیی دارایی نەبێت- نزیکەی (٧٠) هەزار دینار تێچووی نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەیەتی، بەڵام ئەگەر پابەندی پێشینەی بەهۆی تەواو بوونی ماوەی مۆڵەتەکەی هەبێت، ئەوا مانگانە بڕی (٥) هەزار و ساڵانە سەرووی (٦٠) هەزار دینار دەبێت.

مەترسییەکان چین:

یەکەم: ئەمە بەبازرگانیکردنی مۆڵەتی شۆفێرییە- لە بری خزمەتکردن بە بەرژەوەندی گشتی، ئەمە خزمەتکردنە بە کۆمپانیایەک و ئەوانەی کە دەکرێت هاوبەش و شەریکبن لەگەڵیدا!

دووەم: هەر هاووڵاتییەک مۆڵەت دەربکات، بێشک دەبێت هەموو زانیارییە کەسییەکانی بدات بە وەزارەتی ناوخۆ، ئەمەش خراپ بەکارهێندراوە لە ڕابردوودا، و مەترسی هەیە لەسەر مافی تاکەکەس لەڕووی زانیاری کەسییەوە!

سێیەم: سەرباری ئەمانەی سەرەوەش، ڕۆتیناتێکی ئیداری زۆر دروست دەکات چونکە بۆ هەر کۆدێک دەبێت چاوەڕوان بکرێت تا لە هەولێرەوە بە شێوەی مەرکەزی دەگەڕێتەوە!

سەرباری ئەوەی کە ئەم تەندەرە نایاساییە بۆ بەهەدەردان دراوە بە کەرتی تایبەت، ئێستا حکومەتی هەرێم لە بری وەرگرتنی باجێکی زۆر لە کۆمپانیاکە بۆ خزمەتی گشتی، لێخۆشبوونی هەموو ڕسوماتێکی بە ڕێژەی سەدا سەد بۆ هاوردەکردنی کارتەکان بۆ کردووە لە فڕۆکەخانە، کە ئەمەش دووبارە پێچەوانەی بەرژەوەندی گشتییە. واتا وەزارەتی دارایی لێخۆشبوونی سەدا سەدی بۆ کۆمپانیاکە کردووە بۆ هاوردەکردنی کارتەکان، لە کاتێکدا پارەکەی بە چەند هێندە لەسەر هاووڵاتییان هەژمار دەکەن!

تێبینی:
لە پێناوی چاکەی گشتی و ئەرکی پەرلەمانیمان، ئەم بابەتەمان ئاڕاستەی دەستەی دەستپاکی کردووە و بەهیواین ئەنجامی هەبێت!

*ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

ئاماژە مەترسیدارەکانی درێژەکێشانی دۆخی ناکۆکی و زۆنی حیزبیی
پێشت ئاماژە مەترسیدارەکانی درێژەکێشانی دۆخی ناکۆکی و زۆنی حیزبیی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵات دەبەخشێتە پارێزەرێکی کورد
دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵات دەبەخشێتە پارێزەرێکی کورد
پەیوەندیدار