سعودیە و ئەوقافی هەرێم یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان یەكلایی دەكەنەوە


شانشینی سعودیە و وڵاتانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی چاودێری بینینی هیلالی مانگی ڕەمەزان دەكەن بۆ ئەمساڵ 1444/2023 دوای خۆرئاوابوون لە ڕۆژی سێ شەممە 29ی شەعبانی 1444ی کۆچی، کە هاوتایە لەگەڵ 21ی ئازاری 2023ی زایینی.

ماڵپەڕی (سبق)ی سعودی بڵاویكردۆتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی كەشناسی عەرەبی، مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە ڕووی فەلەکییەوە لە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئازار دەست پێدەکات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی حساباتی فەلەکیی، هیلالی مانگی ڕەمەزان پێش خۆر دەکەوێت تا خۆرئاوابوون لە کاتژمێر 5: 54ی ئێوارە ئاوا دەبێت، لە کاتێکدا خۆرئاوابوون کاتژمێر 6:05ی ئێوارەی ڕۆژی سێ‌ شەممە دەبێت، ئەمەش وا دەکات بینینی مەحاڵ بێت.

ئاشكراشی كردووە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت سعودیە بڕیار بدات ڕۆژی چوار شەممە ٢٢ی ئازار تەواوكەری مانگی شەعبان بێت و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئازار ببێتە یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “ئەو زانیارییە فەلەكناسییانەی باس لە دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەكەن، كە گوایە 23ی 3ی ئەمساڵ یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە، ئێمە لە وەزارەت و لیژنەی باڵای بینینی مانگ پشت بەو زانیارییانە نابەستین”.

وتیشی، “بەپێی ڕۆژمێری عەرەبی چەند مانگێكی ماوە لە نزیكبوونەوەی ئەو وادەیە و لیژنەی باڵای بینینی مانگ بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكییەكان لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و لیژنەی فەتوا بڕیار لەسەر دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دەدەن”.

نەورۆز ڕووبەڕووی شورتە دەبێتەوە
پێشت نەورۆز ڕووبەڕووی شورتە دەبێتەوە
منداڵێك لە بەنگلادیش خۆی شاردەوە و لە مالیزیا دۆزرایەوە
دواتر منداڵێك لە بەنگلادیش خۆی شاردەوە و لە مالیزیا دۆزرایەوە
پەیوەندیدار