حەوت وڵات، دەستیان بە ئۆکراینەوە گرتووە



لە دوای ئەمریکا و بەریتانیا سێیەم گەورەترین پاڵپشتی سەربازی ئۆکراین، ئەڵمانیایە، کە بە نیازە بە تانکی لیۆپارد ٢، وەک نوێترین هاوکارییە سەربازییەکانی خۆی بگەیەنێتە کیێڤ.

ئەمانەی خوارەوە گرنگترین ئەو چەکانەن کە ئۆکراینا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا لەڕێی هەندێک وڵاتانی رۆژئاواییەوە بەدەستی هێناون.

ئەمریکا… گەورەترین پاڵپشت

ئەمەریکا لە ساڵی 2022 دا،  بە بەهای 22.9 ملیار یۆرۆ چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ ئۆکراین دابینکردووە و لە ڕیزبەندی یەکەمی وڵاتانی پشتیواندایە.

لە گرنگترین ئەو چەکە قورسانەی کە پێشکەشی کردوون، بریتین لە مووشەکهەڵگرەکانی هیمارس، سیستمی بەرگری ئاسمانی، تۆپ، هێلیکۆپتەر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زرێپۆشی برادلی و گەیشتنی سیستمی پاتریۆتیش لەڕێدایە.

بەریتانیا

بەریتانیا لە ڕیزبەندی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە پاڵپشتی ئۆکراین دەکەن، تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا هاوکارییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ٤.١ ملیار یۆرۆ بووە.

لە نێو ئەو چەکانەی کە دابینکراون بۆکیێڤ، موشەکهاوێژی M270، چەکی دژە تانک، سەدان مووشەکی کورت مەودا، سیستمی بەرگری ئاسمانی و زرێپۆشی گوێزەرەوە بوونیان هەبووە.

ئەڵمانیا

ئەڵمانیا لە ساڵی ڕابردوودا بە بەهای دوو ملیار و ٣٠٠ ملیۆن یۆرۆ، یارمەتی سەربازیی پێشکەشی ئۆکراین کردووە و لە پلەی سێیەمی لایەنگرانی ئۆکرایندایە.

لە نێو ئەو چەکە قورسانەی ئەڵمانیا دابینی دەکات، مووشەک هەڵگر و سیستمی بەرگری ئاسمانی بوونی هەیە، کە گرنگترینیان بریتین لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی (Iris-T) و تۆپهاوێژی (Haupts ٢٠٠٠ ) و زرێپۆشی گەڕۆک و چەکی دژە فڕۆکەی خۆکارانەی Gibbard.

جگە لەمانە، ئەڵمانیا سیستمی مووشەکی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و زرێپۆشی ماردەر و بارهەڵگری سەربازی و پوچەڵکەرەوەی مین و فیشەک و مووشەک و کەرەستەی دیکەی بۆ سوپای ئۆکراین دابین کردووە و تانکی لیۆپارد٢ش لە ڕێدایە.

پۆڵەندا

پۆڵەندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا پاڵپشتی سەربازیی ئۆکراینی دراوسێی بە بەهای یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن یۆرۆ کردووە، بەم شێوەیە چوارەم هاوکاری ئۆکراینە لەسەر ئاستی جیهان.

پۆڵەندا، بە تانکی T72 دروستکراوی سۆڤیەت و زرێپۆشی گوێزەرەوەی BMP و چەک و کەلوپەلی سەربازی هاوکاری کیێڤ بووە.

کەنەدا

قەبارەی یارمەتییە سەربازییەکانی کەنەدا بۆ ئۆکراین لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن یۆرۆ و لە ڕیزبەندی پێنجەمی هاوکار و لایەنگرانی کیێڤدایە.

تۆپهاوێژی مەیدانی M-777 لە دیارترین ئەو چەکانەن کە کەنەدا دابینی کردووە، جگە لە موشەک هەڵگر و نارنجۆکی دەستی و تەقەمەنی.

نەرویج

ئۆکراین لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٦٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاری سەربازی لە نەرویجەوە پێگەیشتووە و شەشەم گەورەترین پشتیوانی ئۆکراینە.

چەکی جۆری  M109 Haupts و پارچەی یەدەگ و مووشەکی دژە فڕۆکەی میسترالی و مووشەکی دژە تانکی داوەتە کیێڤ.

فەرەنسا

فەرەنسا لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندی گەورەترین وڵاتانی پاڵپشتی ئۆکراینە، کە بەهای هاوکارییە سەربازییەکانی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ بووە.

لە دیارترین ئەو چەکانەی کە دابینی کردبوو، تۆپهاوێژی قەیسەر و مووشەکی دژە تانکی میلانۆ و مووشەکی ڕووکار بۆ ئاسمان لە جۆری میستراڵ بوون.

سەرچاوە؛ DW

كۆبانێ: پەیوەندیمان بە پەكەكەوە نییە
پێشت كۆبانێ: پەیوەندیمان بە پەكەكەوە نییە
مەسرور بارزانی: دادگای فیدڕاڵی كێشە بۆ ڕێككەوتن دروستدەكات
دواتر مەسرور بارزانی: دادگای فیدڕاڵی كێشە بۆ ڕێككەوتن دروستدەكات
ەیوەندیدار