“دادگای فیدڕاڵی نادەستوورییە”



 

سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ ڕەتكردنەوەی ناردنی 400 ملیارەكە، ڕایگەیاند “دادگای فیدڕاڵی ئێستای عێراق نادەستوورییە”.

عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، دەڵێت “دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری داوە بە نادروستی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی لەچوارچێوەی دەستوور و یاساكان و هەروەها ڕێككەوتنەكانی ‌نێوان حكوومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی، پێویست بوو بۆ هەرێم بنێردرێت.”

دەشڵێت “ئەم بڕیارە هیچ خزمەت بە سەقامگیری و ئارامی لە عێراقدا ناكات، بە پێچەوانەوە، لەدژی ئەو هەوڵ و كۆششانەیە كە لە ساڵی رابردوو، عێراقی لە قەیرانێكی سەخت دەرباز كرد بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و لەكاتێكیشدایە، پێشڤەچونێكی باش لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیدا هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكانی ڕابردوو.”

ئاماژەی بە ئەوەشكرد “ئێمە پێشتریش بۆچوونی خۆمان ڕاگەیاندووە، دادگای فیدڕاڵی ئێستای عێراق نادەستوورییەو پێویستە پێداچوونەوە بە پێكهاتەی ئەو دادگایەدا بكرێت، ئەویش بەڕێگەی یاسایەكی نوێ كە بەپێی حوكمەكانی دەستوور بێت بە تایبەت حوكمەكانی مادەی 92 كە بە ڕوونی باس لە میكانیزمەكانی دامەزراندنی دادگای فیدڕاڵی دەكات.”

ڕوونیشیكردەوە “ناكرێت لە قۆناغێكی هەستیاری وەك ئێستای عێراقدا، دادگای باڵای فیدڕاڵی بە چاوی زۆرینەو كەمینە بڕیار بدات و بە تایبەت لەسەر بابەتی موچەو قوتی خەڵك كە دەبێت دوور بێت لە هەر گوشارو دەستێوەردانێكی سیاسی یان بەناو یاسایی. لێرەدا داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەشوێنی ئاڵۆزتركردنی كێشەو گرفتەكان، بەدوای چارەسەریی دەستووری و یاساییدا بگەڕێن و لە هەموویان گرنگتر داڕشتنی یاسایەكی نوێ بۆ پێكهێنانی دادگای فیدڕاڵی كە تێیدا مافی هەموو لایەنێك بە بێ ڕەچاوكردنی زۆرینە یان كەمینە پارێزراو بێت و ناوەڕۆكی دەستووری ساڵی 2005، كە هەموو گەلانی عێراق دەنگیان پێداوە جێبەجێ بكرێت.”

لیژنەی چەپەكان هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدات
پێشت لیژنەی چەپەكان هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدات
زاناکان، توانایەکی سەرسوڕهێنەری مێروولە دەدۆزنەوە
دواتر زاناکان، توانایەکی سەرسوڕهێنەری مێروولە دەدۆزنەوە
ەیوەندیدار