ڕووسیا هێرشی چڕی مووشەكی كردە سەر ئۆكراین



 

ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕووسیا هێرشێكی چڕی مووشەكی بۆ سەر كیێڤی پایتەختی ئۆكراین دەستپێكرد.

ئۆكراین ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەكانی ئۆكراین توانیویانە، زۆرینەی مووشەكەكانی ڕووسیا بخەنە خوارەوە.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا مەترسی هەیە و داواشی لە هاووڵاتیان كردووە بچنە پەناگەكانەوە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، ڕووسیا بەیانی ئەمڕۆ هێرشێكی چڕی مووشەكی كردووەتەسەر ئۆكراین و مووشەك بە ئاستێكی زۆر نزم لە دووری 30 كیلۆمەتری پایتەخت بە ئاسمانەوە بینراون.

شەوی ڕابردوو ئۆكراین هۆشداری دا لە ئەگەری هێرشێكی چڕی مووشەكی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین لە ئەمڕۆ پێنج شەممەدا.

ئەو هێرشە دوای چەند كاتژمێرێكبوو لە لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمریكا و ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بە ڕازیبوونیان بە ناردنی تانكی ئەبرامز و لیۆپارد-2 بۆ ئۆكراین.

هەریەكە لە ئەمریكا و ئەڵمانیا بڕیاریاندا تانكەكانی جۆری ئەبرامز ئێم 1ی ئەمریكایی و لیۆپارد-2ی ئەڵمانی بۆ ئۆكراین بنێرن، ئەوەش كاردانەوەی تووندی ڕووسیای لێكەوتووەتەوە.

چاوەڕێدەكرێت دوای ئەو دوو وڵاتە، ژمارەیەك وڵاتی دیكەی وەك فەڕەنسا، بەریتانیا چەكی دروستكراوی ڕۆژئاوایی بۆ ئۆكراین بنێرن.

ئۆكراین ڕایگەیاند توركیاش دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بەبێ بەرامبەر پێشكەشكردوون.

سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە كرد تانكی ئەبرامز “بە تواناترین تانكی جیهانە” و ئاشكرایكرد، ئەو ٣١ تانكەی ئەبرامز كە دەدرێنە ئۆكراین توانای بەرگریی و گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجییەكانی ئەو وڵاتە لە جەنگی رووسیا زیاد دەكات.

جۆ بایدن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە كۆشكی سپی ئاماژەی بەوە كرد، ٣١ تانكی ئەبرامز لە جۆری M1 كە یەكسانە بە كەتیبەیەكی ئۆكراینی دەدەن بە كێیڤ.

لەبەرامبەر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكراین سووپاسی وڵاتانی هاوپەیمانیكرد لە دابینكردنی پشتیوانی سەربازی بۆ وڵاتەكەی، ڕایگەیاند شەڕ دەكەن، ئامانجیان ڕزگاكردنی ئۆكراینە، ئەوە دەبێتە سەركەوتن بۆ هەموو جیهان.

ڕووسیاش لە بەرامبەر بڕیاری ناردنی تانكە ڕۆژئاواییەكان بێدەنگ نییە، كۆشكی كرێملن بە تووڕەییەوە دەڵێت لە گۆڕەپانەكانی جەنگدا تانكەكانی ڕۆژئاوا دەسووتێنین، ئەوە ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی ڕووسیا.

شارەزایانی سەربازی ئاماژە بە ئەوە دەكەن، بە گەیشتنی ئەو چەكە ڕۆژئاواییانە، ئامادەكارییەكانی هێرشی ڕووسیا لە ساڵی دووهەمی جەنگی ئۆكرایندا زیاتر دەبێت، وەك كاربەدەستانی ڕووسی دەڵێن، ساڵی دووهەمی جەنگ لەنێوان ڕۆژئاواو ڕووسیایە، بۆیە جەنگەكە مەترسیدارتر دەبێت.

وەزارەتی خوێندنی باڵا زەماڵەی خوێندن لە كۆریای باشوور ڕادەگەیەنێت
پێشت وەزارەتی خوێندنی باڵا زەماڵەی خوێندن لە كۆریای باشوور ڕادەگەیەنێت
سوودانی بەرەو فەڕەنسا بەڕێكەوت
دواتر سوودانی بەرەو فەڕەنسا بەڕێكەوت
ەیوەندیدار