بەفر و کڕێوە، ژاپۆن پەک دەخات



بارینی بەفرێکی زۆر ژاپۆنی گرتووەتەوە و هاتووچۆی پەکخستووە، کە بەهۆیەوە سەدان گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە و جوڵەی شەمەندەفەرەکانیش پەکیان  کەوتووە.

ئێرە کلیک بکە بۆ بینینی ڤیدیۆکە

کەشوهەوای ساردی سەخت و نائاسایی و بارینی بەفر و بای بەهێز لە سەرانسەری ژاپۆندا لە رۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە بەردەوامە.

 

بەفرێکی چر و زۆر بەسەر شاری مانیوا لە ڕۆژئاوای ژاپۆن باریوە و تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لەو شارە ئاستی دابارینەکەی گەیشتووەتە ٩٣ سانتیمەتر.

هێرۆکازو ماتسونۆ، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ژاپۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کەسێک بەهۆی ئەو زریانە ساردو سەرما و بەفراوییە گیانی لەدەستداوە.

 

ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ژاپۆنیش ڕایگەیاندووە، بەهۆی بەفرەکەوە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان بەدرێژایی نزیکەی دە کیلۆمەتر لەسەر ڕێگایەکی خێرا لە ناوەڕاستی ژاپۆن بەکیان کەوتووە.

لە ڕۆژئاوای شاری کیۆتۆش نزیکەی سێ هەزار کەس لە دوو وێستگەی شەمەندەفەر گیریان خواردووە، دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە بەفر و بای بەهێز خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی ڕاگرت، بۆیە بەشێک لە گەشتیاران ناچاربوون لەسەر زەوی لە وێستگەی سەرەکی کیۆتۆ بخەون و رۆژ بکەنەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هێڵە ئاسمانییە ناوخۆییەکانی ژاپۆن زیاتر لە 300 گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە و خزمەتگوزاری شەمەندەفەریش لە باکووری ئەو وڵاتە ڕاگیراوە.

لەلایەکی دیکە بایەکی بەهێزی پەیوەست بەو زریانەی ڕووی لە ژاپۆن کردووە بووەتە هۆی نوقمبوونی کەشتییەکی بارهەڵگر لە هۆنگ کۆنگ لە نێوان ڕۆژئاوای ژاپۆن و دوورگەی جیجو لە کۆریای باشوور، کە لە کۆی ٢٢ ئەندامی تیمی کەشتییەکە سێزدەیان ڕزگارکراون و گەڕانیش بۆ قوربانیان بەردەوامە.

هاوکات پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای ژاپۆن تا ڕۆژی پێنجشەممە بەم سەختی و دژوارییەی ئێستای بەردەوام بێت.

سویسڕا بێلایەنی لەدەست دەدات؟
پێشت سویسڕا بێلایەنی لەدەست دەدات؟
بودجە شایستەی دارایی جووتیاران دوادەخات
دواتر بودجە شایستەی دارایی جووتیاران دوادەخات
ەیوەندیدار