كۆنسوڵی توركیا سەردانی بنەماڵەی قوربانیانی دهۆكی كرد



كۆنسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر سەردانی بنەماڵەی قوربانیانی دھۆكی كرد كە لە ماردین كوژران.

كۆنسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، مەولوود یاقووت بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی پێنج هاووڵاتییەكەی دانیشتووی دهۆك كە لە شاری ماردین كوژران، سەردانی ماڵی قوربانییەكانی كرد.

دوای پرسەكە، پارێزگاری دهۆك بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاماژە بەوەكرد، كە كۆنسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر ئەمرۆ بەشداریی لە پرسەی پێنج هاووڵاتییەكەی دانیشتووی دهۆك كرد كە لە ماردین كوژران و گوتی: “داواكاری كەسوكاری قوربانییەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە تاوانبارانی رووداوەكە بگەنە سزای خۆیان و دەمانەوێت بزانین هۆی ئەو رووداوە چی بووە، بە دروستی بۆمان دیاربێت بۆچی ئەم تاوانە دەرحەق ئەم هاووڵاتییانەی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە، هەر كەسێك دەستی لە رووداوەكەدا هەبێت ئاشكرا بكرێت، چونكە تەنها تاوانبارێك نەبووە، بەلكو ئۆتومبێل بە چەند تاوانبارەوە چووەتە سەر رێگای پێنج هاووڵاتییەكەی دهۆك و كوشتیانن”.

رۆژی ٢٢ ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ شاندێكی كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆشنبیران كە لە ٢٠ كەس پێكاتبوون لە ماردینەوە سەردانی دهۆكیان كرد بۆ ئەوەی سەرەخۆشیی خۆیان بە كەسوكاری قوربانییانی رووداوەكە بگەیێنن و بەشدارییان لە پرسەكەی‌ پێنج هاووڵاتییەكەی دهۆك دا كرد.

هاوكات، سەرۆكی پارتی ئایندە، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، كە سەركردەیەكی دیاری ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان كرد.

بەرەبەیانی رۆژی ١٩ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە ناوچەی یەنیكۆی ڕێگای ئارتوكڵو-نسێبین لە پارێزگای ماردین، لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە، هێرشی چەكداریی كرایە سەر ئۆتۆمبێلێك كە تابلۆكەی پارێزگای دهۆك بوو و پێنج كەس كە خەڵكی پارێزگای دهۆك بوون، كوژران.

 

سوودانی: شنگال ئاوەدان دەكەینەوە
پێشت سوودانی: شنگال ئاوەدان دەكەینەوە
نێچیرڤان بارزانی: كه‌ش و زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی هەیە
دواتر نێچیرڤان بارزانی: كه‌ش و زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی هەیە
پەیوەندیدار