دەربارەی گران بوونی نرخی غازی ماڵان بڕیارێك درا



ماوەی چەند ڕۆژێكە هاووڵاتیان باس لە سەرهەڵدانەوەی قەیرانی غاز و گران بوونی نرخی غازی حكومی هاوشێوەی غازی بازرگانی دەكەن و لە چەند شوێنێكیش یەكە كارگێڕییەكان ڕێكاری یاساییان دەستپێكردووە دژی ئەوانەی غاز بە گران دەفرۆشن و بڕیار دراوە، بدرێنە دادگا و وەكالەتەكانیان لێ‌ وەربگیرێتەوە.

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، قەیرانی نەبوونی سووتەمەنی (نەوت و غاز) بەرۆكی هاووڵاتیان دەگرێت و نرخەكانیان لە بازاڕی ڕەشدا بەرزدەبێتەوە، بەڵام ئەوەی زیاتر هاووڵاتیان نیگەران دەكات، گران بوونی نرخی غازی حكومیشە لەلایەن بەشێك لەو بریكارانەی لە گەڕەكەكان غاز دەفرۆشن.

جوتیار بوڵقامیشی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، نرخی بوتڵێك غازی حكومی بەردەوام بە 8 هەزار و 500 دینار بووە، بەڵام چەند ڕۆژێكە لەسەر هاووڵاتیان گران كراوە بۆ 9 هەزار دینار.

هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی سەباح بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا غازی حكومی بە گران دەست دەكەوێت و دەبێت چەند ڕۆژێك چاوەڕێ بكەیت تاوەكو بریكاری غازەكە لە گەڕەكەكەیان غازی پێ‌ دەدات و هەندێك جاریش نرخەكەی بە گرانتر بە هاوووڵاتیان دەفرۆشرێت.

وتیشی، “لە شەقامی نزیك ماڵەكەیان دوكانێكی فرۆشتنی غاز هەیە، بەیانیان دەبێت بەزوویی بچین بۆ سەرەی غاز، بەپێچەوانەوە لەدوای كاتژمێر 8ی بەیانییەوە غازی نامێنێت و دەستناكەوێت.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە، “غازی بازرگانیش گران بووە و یەك لیتر بە 700 دینارە لەكاتێكدا لە ڕابردوودا بە 500 دینار بوو، بۆیە ئێستا ئەگەر بوتڵێك غاز 15 لیتری تێ‌ بكرێت نرخەكەی 10 هەزار و 500 دینار دەكەوێت”.

لای خۆشیەوە، قائیمقامیەتی شارۆچكەی دەربەندیخان سەبارەت بە ناڕەزایی هاووڵاتیان لەسەر گران كردنی نرخی غازی ماڵان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لەکاتی کڕینی غـاز لەوەکیلەکان ئەگەر وەکیلەکانی دابەشکردنی غاز لە نرخی (8,500) دینار زیــاتری وەرگرت ئــەوا لیـژنەی سـووتەمەنی لە قــائیمقامیەت ئاگاداربـکەنەوە”.

سەبارەت بە سزای گران فرۆشی ڕاشیگەیاندووە، ڕاستەوخۆ لیژنەکە وەکالەتی دابەشکردنی غاز لە وەکیلەکە وەردەگرێتەوە و ڕووبەڕووی دادگای دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر هاووڵاتییەک گرفتی هەبوو لە نەبوونی غاز یاخود دواکەوتنی دەتوانێت لیژنەکە ئاگادار بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە لەڕێگەی ژمارە مۆبایلی سەرۆكی لیژنەكە ‎(07725105922) یاخود ئەندامانی لیژنەی سووتەمەنی كە بریتین لە (07701468656 یان 07728449640 یان 07701501464 یان 07700833545).

هاوكات لیژنەی سووتەمەنی قائیمقامیەتی دوكان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەر وەکیلێك لە ٨٥۰۰ دینار زیاتر وەرگرێت ئاگاداریان بکەنەوە، لەڕێگای ژمارە تەلەفۆنی لیژنە (07740877439) و سزا دەدرێت.

هەرێمی كوردستان، كە خاوەنی بڕێكی زۆر نەوت و غازە و ڕۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بە بازاڕی جیهانی دەفرۆشێت و بڕێكی زۆر غاز بەرهەم دەهێنێت، بەڵام هاووڵاتییەكانی لە كاتی سەرما و وەرزی زستاندا بەدەست قەیرانی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن و لە بازاڕیشدا بەجۆرێك نرخەكەی گران دەبێت، كە توانای كڕینیان نامێنێت، بەلام حكومەتی هەرێم ساڵانە بەرمیللێك نەوت ناداتە هەموو هاووڵاتیان و چەند ساڵێكە تەنها لە دەرەوەی شارەكان نەوت دابەش دەكات و ئەمساڵ هەر بەرمیلێكی بە 103 هەزار و 500 دینار پێ‌ داون، بەڵام هێشتا لەناو شارەكان دابەش نەكراوە.

گرانی و نەبوونی نەوت و غاز لە شارەكانی هەرێم لەكاتێكدایە، كە حكومەتی عێراقی سەرەڕای هەرزان كردنی لە بازاڕدا بوتڵێك غاز بە 5 بۆ 6 هەزار دینار و بەرمیلێك نەوت بە 30 هەزار دینار دەداتە هاووڵاتیان.

 

بودجەی یەكەكانی 70 و 80 دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
پێشت بودجەی یەكەكانی 70 و 80 دەخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە
ڕەشەبا ساردەكەی سلێمانی كەی كۆتایی دێت؟
دواتر ڕەشەبا ساردەكەی سلێمانی كەی كۆتایی دێت؟
ەیوەندیدار