چێژ یان بەختەوەریی، كامیان هەڵدەبژێریت؟



ماردین عەبدولکەریم

هەرگیز بە بیرتدا هاتووە بەراوردێك لە نێوان هەردوو چەمكی چێژ و بەختەوەریدا بكەیت؟ ئەگەر وایە ئایا لای تۆ ئەم دوو چەمكە دوو واتا و دوو دەلالەی جیاوازیان هەیە، یان نەخێر یەك واتا و یەك لێكدانەوەت بۆیان هەیە، ئەوەندە نەبێ‌ كە لە بەرگی دوو وشەی جیادا دەیانبینیت؟!
لە راستیدا ئەم دوو چەمكە لەكردەدا ئەوەندە لێكنزیكدەبنەوە بەجۆرێك كاتێک تاك چێژ لە شتێک دەبینێت پێیوایە گەیشتۆتە ترۆپكی بەختەوەریی، لە كاتێكدا چێژبینین هەستێكی خۆشیی رووكەشی كاتی نەرێنی تاكلایەنە دەبەخشێتە تاك، بەڵام بەختەوەریی هەستێكی خۆشبەختی قووڵی ئەرێنیی درێژخایەنی كۆمەڵایەتییە، هەربۆیە ئەم دوو چەمكە نەك تەنیا لە زاراوە و لە كرداردا جیاوازن بگرە چێژبینین رێگریشە لەبەردەم گەیشتن بە بەختەوەریی راستەقینەدا، كەواتە چۆن؟!
لە رابردووی كۆمەڵگەی كوردیدا، لەگەڵ ئەوەی ژیان بەهەموو لایەنەكانییەوە سادە و ساكاربوو، بەڵام مرۆڤەكان تەواو بەختەوەربوون و پێكەوە بەڕێكردنی شەوچەرەیەك لەدەوری ئاگردان و بەكۆمەڵ  پێشوازیكردن لە جەژن و بۆنەكان و تاڕادەیەك هاوتابوون لەلایەنی ئابووریی و كەمالیاتی ژیانەوە، كۆمەڵگەی كوردی غەرقی نێو كایەی بەختەوەریی كردبوو بەپێچەوانەوەی ئەمڕۆوە، لەگەڵ هەبوونی جۆرەها لە هۆیەكانی خۆشبەختی، هێشتا تاك لە نێو خێزان و دەرەوەیدا دڵتەنگ و غەمبار و گۆشەگیر و سەرلێشێواوە،  تا ئەو ئاستەی رادەی نەخۆشی و كوشتن، خۆكوشتن و ژن كوشتن سات لە دوای سات لە برەوداندایە، ئەمەش سەرباری هەوڵە جیاجیا لێنەبڕاوەكان و یاسا بەركارەكانیش لەولاوە.

سادەیی و بەختەوەری
هۆكاری ئەم دیاردە نەخوازراوانە، بێگومان بەشێكی زۆری پەیوەستە بە هاوشێوەبوونی كەلتورەكانەوە نەك تەنیا تێكەڵاوبوونیان، لەم چوارچێوەیەشدا تەكنەلۆژیای ئینتەرنێت و دیجیتاڵ دیڤایس، دیجیتاڵ میدیا و سۆشیال میدیا رۆڵێكی خراپیان گێڕاوە، هەروەك خراپ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەی كوردیش لەهەمبەر دەستەڵاتەوە فاكتەرێكی تری بەهێزی گۆڕینی ئاراستەی ستایلی ژیانی تاك و خێزان و كۆمەڵگەیە لەبەختەوەرییەوە بەرەو چێژبینین.
لە بەرامبەردا بەپێچەوانەی ئەم كۆمەڵگە رۆژهەڵاتییە سادە و ساكارە كۆمەڵایەتییەی كوردەوە، كۆمەڵگەیەكی رۆژئاوایی هەیە كە مێژوویەكی دوورودرێژی لەپراكتیزەكردنی چێژبینیندا هەیە و عەیامێكە ماڵئاواییان لەبەختەوەری كردووە، نموونەش بۆ ئەمانە پەرتەوازەبوونی خێزان و هەڵبژاردنی ژیانی تاكەكەسییە، مەی خواردنەوە و سەرگەرمكردن بەدرێژایی كات، سێكسی ناسروشتی بێ‌ سنوور، بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر و خۆبێئاگاكردن لە ژیان، دواجاریش زەقكردنەوەی دیاردەی هاوڕەگەزبازی و …هتد
پاڵنەری هەموو ئەمانەش تەنیا و تەنیا چێژ بینینێكی كاتی رووكەشی نەرێنی بە روخسار ئەرێنییە.
هەربۆیە لێرەوە واپێویست دەكات بەراوردێك لە نێوان ئەم دوو چەمكەدا بكەین و بزانین، ئایا جیاوازیان چییە و هەڵبژاردنی هەر یەكێكیان لە ژیانی تاك، خێزان و كۆمەڵگەدا رەهەندەكانی بەروە كوێ‌ ئاڕاستەی دەكرێ‌؟
زاناكان لەم بوارەدا دەڵێن چێژبینین وا لەمێشكی مرۆڤ دەكات هۆرمۆنی (دۆپەمەین) دەربدات هەروەها بەختەوەریش وادەكات هۆرمۆنی (سیرۆتۆنین) دەربدات، كەواتە دەبێت بزانین جیاوازی لە دەردانی ئەم دوو مادەیە چ گۆڕانكارییەك لای تاك دروستدەكات؟ دەردانی دۆپەمەین و دووبارە بوونەوەی، مرۆڤ بەرەو ئاڵوودەبوون دەبات هەروەك ئەوەی لەو كەسانەدا بەدیاردەكەوێت كە ئاڵوودەی مادەی هۆشبەرن، هەموو وەرگرتنێكی مادەی هۆشبەر، هەست بەچێژێكی تەواو دەكەن و بۆیە دووبارە و دەبارە لەسەر وەرگرتنی ئەو مادەیە بەردەوام دەبن تا بەتەواوی بەرەو ئاڵوودەبوونیان دەبات، هەروەها ئەوانەشی یاری  پۆپجی دەكەن، چێژدەبینن هاوكات لەبەردەوامبووندا لەسەر ئەو یارییە ئەلیكترۆنییە تووشی ئالوودەبوون دەبن، ئەنجام هەمووان رەهەندەكانی ئەو یارییەمان بینی، كە توندوتیژی و دەمارگیری و گۆشەگیری و شەڕانگێزی ببووە ئاكاری یاریزانەكانی، ئالێرەوە دەكرێ‌ بگەڕێینەوە بۆلای ئەو كەلتورە هاوشێوەیەی كەپێشتر ئاماژەم پێدا بەجۆرێك گەنجێک لە ئایسلاند یاری  پۆپجی دەكات، هاوكات گەنجێكیش لە كوردستان هەمان یاری دەكات دووریش نییە پێكەوە یاری بكەن و ئەنجامی هەردووكیشیان بەچاوپۆشی لە ژینگە و كۆمەڵگەكەیان هەمان ئەنجام بووە، گیرۆدەبوونی دایبابەكانیش لەم میانەیەدا هەرهەمان ئەنجامی هەبووە.

چێژبینین باجی دەوێت
هەروەها چێژ وەرگرتن لەپرۆسەی (دان و ستان)دا، (دان)ە واتا ئەو كەسەی چێژ لە مادەی هۆشبەر،  پۆپجی، مۆبایل …هتد دەبینی دەبێ‌ باج بدات لەبەرامبەر ئەو چێژبینینە، ئەو باجدانە لەوانەیە لایەنی تەندروستی، دەروونی  یان كەسایەتی یان كۆمەڵایەتی بێت.
هاوكات چێژ وەرگرتن ئەزموون و تاقیكردنەوەیەكی تاكە كەسییە بۆیە لە هەموو ئەو نموونانەی باسمانكرد كەسەكان تەنیا و گۆشەگیرن و حەز بە تەنیایی دەكەن و لە خێزان و كۆمەڵگە دوور دەكەونەوە.
دواجار لەبەرئەوەی پرۆسەی چێژوەرگرتن مەبەست لێی تێركردنی غەریزەی مرۆڤەكانە، بەدوو رێگا تاك لەخشتە دەبات ئەمەش یان لەرێگەی مادەی كیمایی وەك كهول،جگەرە، نێرگەلە، مادەی هۆشبەر، یان لەرێگەی سلوكێكی نەخوازراو لەكۆمەڵگا وەك سێكس، یارییە ئەلیكترۆنییەكان، مۆبایل و ئایپاد خراپ بەكارهێنانی سۆشیاڵ میدیا هەروەها كڕینی كەلوپەل بەهەموو جۆرەكانییەوە بەشێوەی ناسروشتی و زیاد لەپێویست. لەبەرامبەردا بەختەوەری لەو تاقیكردنەوەیەدا خۆی لە پڕۆسەی (ستان) واتا وەرگرتن دەبینێتەوە،بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرز و لەدایكبوونی منداڵ، خێزانێكی ئاسوودە، كرینی خانوو، ئاهەنگی سەری ساڵ،  ئاهەنگی لەدایكبوون، گەشت و سەیران، هەموویان لەو جۆرە تاقیكردنەوانەن كە بەختەوەری بەتاك و خێزان و كۆمەڵگە دەبەخشن.
مرۆڤ لەم پرۆسەیەدا و لەبەرانبەر بەدەستهێنانی بەختەوەریی، ماندوودەبێت بەڵام وەردەگرێت نەك باجی كەسایەتی و ژیان و گیرفان بدات وەك ئەوەی لە تاقیكردنەوەی چێژوەرگرتندا بە روونی بەدیدەكرێت، هەروەها لە پرۆسەی بەختەوەریدا، وەك ئەو شەوچەرەیەی باسمان كرد یان ئاهەنگ یان گەشت و سەیران، تاقیكردنەوەكە بە كۆمەڵە و پرۆسەكەش كۆمەڵایەتییە نەك گۆشەگیریی، لە لایەكی ترەوە بەختەوەری تێركردنی رۆحە نەك غەریزە، ئاشكرایە لاتان هەموو تێركردنێكی غەریزەیی ماوە كورت و كاتییە (سێكس، نانخواردن ) بەنموونە، بەڵام لەدایكبونی (نەوە) بەختەوەرییەكی ئەرێنی قووڵ و هەمیشەیی دەبەخشێتە رۆحی تاك و هەمیشە تاقیكردنەوە رۆحییەكانیش پیرۆزن و مایەی شانازیین.

بۆ كوشتن لەبرەودایە؟!
هەربۆیە لەگەڵ هەموو بەختەوەربوونێكدا مێشك مادەی (سیرۆتۆنین) دەردەدات كە هیچ زیانێكی بۆ تاك نییە، بگرە كەسەكان دڵخۆش و دەم بەخەندە و كۆمەڵایەتیتر دەكات، بە دووبارەبوونەوەی ئەم تاقیكردنەوەیە دەبینە خاوەن كۆمەڵگەیەكی زیندووی دوور لە نەخۆشی و گرێی دەروونی بەپێچەوانەی ئەوەی لە ئەمڕۆدا لە كۆمەڵگەی كوردیدا دەگوزەرێت كە لەلایەك بەهۆی تەكنەلۆژیا و لە لایەكیش بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتەوە  كە هانی تاكی كوردی دەدات خەمی بێكاری و بێدادی، نایەكسانی، نەبوونی ئازادی و دیموكراسی بە چێژبینین پڕبكاتەوە تا تاكەكان ئاڵوودە و بێئاگابن، هەر رێك وەك ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێت، كەسی ئاڵوودەش بە نەتیجە یان نەخۆشە یان خۆی دەكوژێت یان خوشكەكەی یان خێزانەكەی یان دەبینی ئێستا ژنانیش توندوتیژیی دەكەن و رێكخراوی پیاوان بۆ داكۆكی لە مافیان دروستبووە، لەبەرانبەردا هەوڵی چالاكوان و ژنان و یاسای بەركاریش یەكسان بە سفر دەكرێتەوە و كەچی هێشتا دەپرسین بۆ كوشتن لەبرەودایە؟!
ئێستا منیش بەتایبەت لە تۆی گەنج دەپرسم ئایا دەتەوێت سیما جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردی بگەڕێتەوە؟ ئایا دەتەوێت دووربكەویتەوە لە هەژموونی كۆمەڵگەی رۆژئاوایی؟ ئایا دەتەوێت دەسەڵات فریوت نەدات ؟ ئایا دەتەوێ‌ تەكنەلۆژیا ژیانت نەكاتە دۆزەخ؟

 كەواتە چێژ یان بەختەوەریی كامیان هەڵدەبژێری؟
لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ دۆلار بەرزبووەوە
پێشت لەگەڵ کرانەوەی بازاڕ دۆلار بەرزبووەوە
نرخی نەوت جێگیرە
دواتر نرخی نەوت جێگیرە
ەیوەندیدار