پڕۆژەیەک لە سلێمانی ٥ هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت



حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیژی لە سلێمانی جێبەجی دەكات و ٥ هەزار هەلی كار دەڕەخسێنێت و گوژمەكەی ١٢٨ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخان كراوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پڕۆژەی بەبازاڕكردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی لە پێنج قۆناغ پێك دێت و گوژمەكەی ١٢٨ ملیۆن دۆلارە و كارەكانی قۆناغی یەكەم تەواو بووە.

پڕۆژەی نیشتمانیی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، لە ٣٠ سایلۆ پێکهاتووە، کە ساڵانە توانای وەرگرتنی ١٥٠ هەزار تۆن گەنمیان هەیە، لەگەڵیشیدا پێنج کارگەی بەرهەمهێنانی ئارد، ساوەر، بڕوێش، پاستا و عەلەفی ئاژەڵ دروستکراوە.

زاهیر زانا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە سلێمانی، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:”پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت و لە ماوەی پێنج ساڵدا تەواو دەکرێت و گوژمەی دروستکردنەکەشی ١٢٨ ملیۆن دۆلارە”.

وتیشی، “لە ئێستادا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بووە و لەکاتی کارکردنیدا هەلی کاری بۆ ٣٠٠ دەستی کاری ناوخۆیی ڕەخساندووە و بە تەواوبوونی هەر پێنج قۆناغەکەش، پێنج هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت”.

بەڕێوەبەری پڕۆژەکە وتی:”قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ١٢ سایلۆ لەخۆ دەگرێت، کە توانای عەمبار کردنی ٦٠ هەزار تۆن گەنمی هەیە و کارگەی بەرهەمهێنانی ئاردیش بەشێکە لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە و ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی ٣٦٠ هەزار تۆن ئاردی هەیە”.

سودانی دوو خەڵاتی بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بەخشی
پێشت سودانی دوو خەڵاتی بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بەخشی
سودانی دەچێتە فەرەنسا
دواتر سودانی دەچێتە فەرەنسا
پەیوەندیدار