وتەبێژی یەکێتی جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت” هەموو ئامادەکارییەکمان لە حزبەکەمان کردووە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند،” لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتى یەکێتی باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و عێراق کرا،و لە هەمان کاتیش پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم تاوتوێ کرا”.
سەعدی پیرە وتیشی” یەکێتى پابەندە بەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێم دیاریکراوە، لە ئێستاشدا لە خۆ ئامادەکردنداین بۆ ئەو هەڵبژاردنە.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە هەڵبژاردن بکرێت چونکە هەرێم پێویستى بە پەرلەمانێکی کارا و چالاک هەیە بۆ بەدواداچوونی کارەکانی دامەزراوە تەنفیزییەکان، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت پێگەى هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى لاواز دەبێت، چونکە هیچ ڕێگری و کێشەیەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی ڕۆژی 6/10 ی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، لە ئێستادا بەشێکی زۆری حزب و لایەنەکان لە ئامادەکاریدان بۆ هەڵبژاردن، یەکێک لە حزبە سەرەکییەکانی کوردستان کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، دوای خستنەڕووی چەند تێبینییەک هیچ کاندیدێکی پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە، و ئاماژەی بەوەداوە تا ئەوکاتەی تێبینی و سەرنجەکانیان بەهەند وەرنەگیرێت بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی پارتی پیشتر ڕایگەیاند ” چەند مانگێک هەڵبژاردن دوابکەوێت باشترە وەک لەوەی مافی سەدان دەنگدەر و پێکهاتەکان بفەوتێت”.