سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت هۆشداریدا لە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی دادگای باڵای فیدراڵی و بە “مەترسیدار” وەسفیکرد کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتگیری دەسەڵاتی یاسادانانی بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەربڕیوە، بە شێوەیەک کە ڕۆڵی دادگاکەی لە پاراستنی یەکڕیزی عێراق، پاراستنی دەستوور و سیستەمی دیموکراسی مۆدێرن، جێبەجێکردنی دادپەروەری و گەیشتن بە سەروەری یاسا بەرز نرخاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، مەندەلاوی هۆشداری داوە لە هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی دادگای باڵای فیدراڵی و تێکدانی شەرعیەت و سەربەخۆیی بڕیارەکانی، ئەمەی بە هەنگاوێکی مەترسیدار وەسف کردووە کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەخاتە بەردەم هەڕەشە، لە هەمان کاتدا داوای پشتگیری لە هەوڵەکانی دادگاکە دەکات لە چارەسەرکردنی دۆسێ نیشتمانییەکان و پاراستنی دەستوور.
ئەم لێدوانەی مەندەلاوی دوای ڕاگەیەنراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت، تیایدا جەختی لە پاڵپشتیکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کردووەتەوە، کە داوا لە هەموو لایەک دەکات پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بن.
هاوکات دوێنێ، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكرد، ڕووبەڕووی هێرشی میدیایی ناوخۆیی و دەرەكی بووینەتەوە بەهۆی بڕیارەكانمانەوە، كە بۆ پاراستنی دەستوور داومانە، و بە ڕێکاری یاسایی وەڵامیان دەدەینەوە