دوابەدوای ڕاگەیاندنی پلەبەرزكردنەوەی زیاتر لە 4 هەزار ئەفسەر و هێزەكانی پێشمەرگە، ڕێكارەكانی پلەبەرزكردنەوە لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەستی پێكرد و بەوەش تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی لەو مافە یاساییە بێبەشن.
دوێنێ وەزارەتی پێشمەرگە، خشتەی پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی (70 و 80)ی پێشمەرگەی ڕاگەیاند و ئەوەش جارێكی دیكە پرسی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی، كە نزیكەی 10 ساڵە ڕاگیراوە ورووژاندەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوێنێ پێنج شەممە ڕێکەوتی ۲٠٢٤/٢/١ بە سەرپەرشتی (عەمیدی ماف/ ئارام برهان جەواد) بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای هەولێر، لە بارەگای هۆبەی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، تاقیکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی ناوخۆ ئەنجامدرا .
بە بەرزكردنەوەی پلە لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ، تەنها پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی دەمێنێت، كە ماوەی نزیكەی 10 ساڵە ڕاگیراوە و تا ئێستا حكومەتی هەرێم ئەو مافە یاساییەی نەداوەتەوە بە فەرمانبەران و بەستوویەتییەوە بە هاتنی بودجە لە بەغداوە، لەكاتێكدا بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان نەبەستراوەتەوە بە هاتنی پارە لە بەغداوە.