هەڵمەتێك بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕاگەیەنرا



فەرمانبەران و مامۆستایان لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵمەتی گێڕانەوەی مافی یاسایی پلەبەرزكردنەوە ڕادەگەیەنن، كە ماوەی 8 ساڵە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕاگیراوە.

لە ساڵی 2016ەوە و بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو كاتەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیرا لەكاتێكدا ئەوە مافێكی یاساییە بەپێی یاسایی خزمەتی شارستانی و یاسای پلەبەندی مووچە، بەڵام دواتر پلەبەرزكردنەوە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان (وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی ناوخۆ) كرایەوە.

لە ئێستادا، كە ماوەی نزیكەی دوو مانگە مامۆستایان و فەرمانبەران بایكۆتیان ڕاگەیاندووە بەهۆی دواخستنی مووچەوە و خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن، سەرەڕای داواكاری پێدانی مووچە ڕاستەوخۆ لە بەغداوە، مامۆستایان و فەرمانبەران داوای دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكەن و هەڵمەتێكیان ڕاگەیاندووە.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، “بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق هیچ دڵەڕاوكێ و مەترسیەك لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نامێنێت، لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای بودجە بابەتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە ئەنجوومەنی وەزیران جارێكی دیكە باسی لەسەر دەكرێت و هەموو هەوڵێك بەو ئاڕاستەیەیە، كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبكاتەوە”.

پێشتریش، محەمەد سەباح، ئەندامی لیژنەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هیچ بابەتێكی گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە لە ئێستادا لە ئارادا نییە، بەڵام بەزوترین كات پلە بەررزكردنەوەی تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.

مامۆستا عادل حەسەن، كە ئەندامی ئەو لیژنەیە بووە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ڕۆژی چوار شەممە 8/2/2023 لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە شاری هەولێر، لیژنەیەك بە نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکان لەگەڵ جۆشوا لویس، بەرپرسی کاروباری سیاسی كونسوڵیەت کۆبوونەوە و لەو دیدارەدا سەرجەم گیروگرفتەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوە و واژۆی کۆکراوەی ١٥ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بۆ گێڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لەماوەی ڕابردووشدا فەرمانبەران و مامۆستایان هەڵمەتێكی واژۆ كۆكردنەوەیان دەستپێكرد بۆ گێڕانەوەی مافی پلەبەرزكردنەوە و گەیشتە زیاتر لە 15 هەزار واژۆ، دواتر لیژنەیەك بە نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەو واژۆ كۆكراوانەیان ئاڕاستەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان كرد تاوەكو ئەو مافە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران.

بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960 و یاسای مووچەی ژمارە 22ی ساڵی 2008، پلەبەرزكردنەوە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە، كە بەپێی پلەبەندی وەزیفییان هەر چوار بۆ پێنج ساڵ جارێك پلەبەرزكردنەوەیان بۆ دەكرێت و بەوهۆیەشەوە پێگەی وەزیفییان بەرزتر دەبیتەوە و مووچەكانیان زیاد دەبێت.

لەماوەی ڕابردوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی گشتی ڕاژە كرد، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێك بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەرنەكراوە.

عێراق گۆرانکاری لە تاقیکردنەوەی ١ تا ٤ ی سەرەتاییدا دەکات
پێت عێراق گۆرانکاری لە تاقیکردنەوەی ١ تا ٤ ی سەرەتاییدا دەکات
بڕیارە بلنکن ئەمشەو بگاتە بەغدا
دوات بڕیارە بلنکن ئەمشەو بگاتە بەغدا
پەیوەنیدر