دانا عەبدولكەریم: مەترسی لەسەر مووچە نامێنێت و پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە


وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێ كردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە جێبەجێ‌ كردنی یاسای بودجەی عێراق مەترسی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نامێنێت و دەشڵێت: “هەموو هەوڵێك بە ئاڕاستەی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیە”.

دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێم لە بەرنامەیەكی كەناڵی (كەی ئین ئێن) ڕایگەیاندووە، لەدوای پەسەندكردنی بودجەی عێراقەوە كاریگەرییەكەی لەسەر مووچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت و یاسای بودجە دەبێت بە بەشێك لە چارەسەری مامەڵەكردن لەگەڵ یاسای نەوت و غازدا.

وتیشی، “بە پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق هیچ دڵەڕاوكێ و مەترسیەك لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نامێنێت، لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای بودجە بابەتی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە ئەنجوومەنی وەزیران جارێكی دیكە باسی لەسەر دەكرێت و هەموو هەوڵێك بەو ئاڕاستەیەیە، كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبكاتەوە”.

جەختیشی كردەوە، كە ئەگەر بودجەی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە عێراقەوە بێتە هەرێم، كە بڕەكەی 3 ترلیۆن دینارە ئەوا بەدڵنیاییەوە دەتوانین پڕۆە وەستاوەكان دەست پێبكەینەوە، كە ژمارەیان زیاتر لە 100 پڕۆژەیە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ یەك شەممە، محەمەد سەباح، ئەندامی لیژنەی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، هیچ بابەتێكی گەڕانەوەی پاشەكەوتی مووچە لە ئێستادا لە ئارادا نییە، بەڵام بەزوترین كات پلە بەررزكردنەوەی تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد، لە ڕاپۆرتێكدا كە مانگی شەش بڵاویدەكەینەوە و تایبەتە بە مافەكانی فەرمانبەران پلە بەرزكردنەوە ڕادەگەیەنین.

دوو بڕیار بۆ پارەی ئاوی ماڵان دەركرا
پێشت دوو بڕیار بۆ پارەی ئاوی ماڵان دەركرا
هەولێر لەترسی دروستبوونی لافاو دەستی بە پاككردنەوەی مەنهۆڵەكان كرد
دواتر هەولێر لەترسی دروستبوونی لافاو دەستی بە پاككردنەوەی مەنهۆڵەكان كرد
پەیوەندیدار