دۆسیەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران گەیەنرایە بەرپرسانی ئەمریكا


دوای كۆكردنەوەی واژۆی زیاتر لە 15 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا بۆ گێڕانەوەی مافی یاسایی پلەبەرزكردنەوە، ئەمڕۆ لیژنەیەك بە نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەو واژۆیانە و داواكاری پلەبەرزكردنەوەیەیان گەیاندە دەست بەرپرسانی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر.

مامۆستا عادل حەسەن، كە ئەندامی ئەو لیژنەیە بووە بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە 8/2/2023 لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە شاری هەولێر، لیژنەیەك بە نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ناوچە جیاوازەکان لەگەڵ جۆشوا لویس، بەرپرسی کاروباری سیاسی كونسوڵیەت کۆبوونەوە.

ڕاشیگەیاند، لەو دیدارەدا سەرجەم گیروگرفتەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژ و پلەبەرزکردنەوە و واژۆی کۆکراوەی ١٥ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر بۆ گێڕانەوەی پلەبەرزکردنەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

لای خۆشیەوە، كونسوڵگەری ئەمریكا لە هەولێر بڵاویكردۆتەوە، بەرپرسی كاروباری سیاسی سیاسی (جۆشوا لویس) چاویکەوت بە شاندێكی مامۆستایان و فەرمانبەرانی مەدەنی لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی داکۆکیکردنی ئەوان بۆ مافی فەرمانبەران و ھەروەھا گرینگی ئەو ڕۆڵەی، کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەیگێرێت بۆ برەودان بە فەرمانڕەوایەتییەکی شەفاف و دادپەروەر و سەروەری یاسا.

جەختیشی كردۆتەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەبێت ئازاد بن لە ئەنجامدانی کارەکانی خۆیان و ھەروەھا پاراستنی مافەکانییان بەبێ ترسی تۆڵەسەندنەوە و دەستێوەردانی ناڕەوا.

ماوەی 8 ساڵە و لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە پلبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە و تەنها بۆ هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە كراوەتەوە و تا ئێستا حكومەتی هەرێم ئەو مافە یاساییەی بۆ فەرمانبەران نەگەڕاندۆتەوە.

لەماوەی ڕابردووشدا فەرمانبەران و مامۆستایان هەڵمەتێكی واژۆ كۆكردنەوەیان دەستپێكرد بۆ گێڕانەوەی مافی پلەبەرزكردنەوە و گەیشتە زیاتر لە 15 هەزار واژۆ، لە ئێستاشدا لیژنەیەك بە نوێنەرایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەو واژۆ كۆكراوانە ئاڕاستەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتان دەكەن تاوەكو ئەو مافە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران.

بۆچی وڵاتان لە كارەساتی بومەلەرزەكەدا كەمتر بەهانای سوریاوە دەچن بەراورد بە توركیا؟
پێشت بۆچی وڵاتان لە كارەساتی بومەلەرزەكەدا كەمتر بەهانای سوریاوە دەچن بەراورد بە توركیا؟
بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە كاركردن لەم یاریگایە دەستیپێكردەوە
دواتر بەهۆی دابەزینی نرخی دۆلارەوە كاركردن لەم یاریگایە دەستیپێكردەوە
پەیوەندیدار