دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە رۆژنامەنووسێكی ( فەڕەنسی )یان دەستگیرکردبێت، بەڵکو لەلایەن ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەکە دوور خراونەتەوە .
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت:” دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠٢٣/٦/٢ ڕۆژنامەنوسێکی فەڕەنسی بە ناوی ( بێنوا بینیامین جۆسێف ) و هاوەڵە وەرگێڕەکەی سەردانی ناوچەی ( گەڵاڵە )ی ماوەت دەکەن، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی ئەو ناوچەیە لە ڕووی ئەمنیەوە ناوچەیەکی مەترسیدارە و هەرچی زووە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵام ئەوان پێداگری دەکەن لەوەی بڕۆن، دواتر لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و داوایان لێدەکرێت لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان ئەو ناوچەیە جێبهێڵن، چونکە لە ڕووی ئەمنییەوە ئەو شوێنە هەستیارە و لەو کاتەشدا درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت:” بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکە کردووە و گواستراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و بەڕێزانمان لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا ئاگادارکردۆتەوە و دڵنیا کراونەتەوە لە سەلامەتی گیانی هاووڵاتییەکەیان “.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەمشەو کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر بڵاویکردەوە، کە رۆژنامەوانێکی فەرەنسی و هاوکارە کچەکەی لە سلێمانی دەستگیرکراون.