ئەنجامی پشكنینی “گۆشتی بەراز و كەر” لەناو گۆشتی قوتوو بڵاوكرایەوە



گۆشتی دروستكراو یاخود لەقوتوونراو ئێستا لە جیهان و هەرێمی كوردستاندا بەڕێژەیەكی بەرچاو بەكاردەهێندرێت، هەرمنداڵێك نانی نەخوارد دەڵێن بڕۆ گۆشتێكی قووتوی بۆ بكڕە لەكاتێكدا زۆربەی نازانن چی لەپێكهاتەی ئەو گۆشتەدا هەیە و چ زیانێكی بۆ تەندروستی هەیە.

لەشكر حەمید، ئەندازیاری خۆراك لە نووسینێكدا سەبارەت بە پشكنینی “گۆشتی بەراز” لەناو گۆشتی قوتوو ئاماژەی بەوەكردووە، گۆشتی قوتوو رێژەیەكی زۆر مادەی پارێزەر وەكو (نیتراتی سۆدیۆمی) تێ دەكرێت بۆ درێژكردنی تەمەنی گۆشتەكە و لە كوردستان پشكنین بۆ رێژەی مادە پارێزەرەكانی نێو سەرجەم گۆشتە لەقوتوونراوەكان ناكرێت كە مەترسیی بەكارهێنانیان زیاتردەكات.

زیانەكانی گۆشتی قوتوو :
1- بەردەوام خواردنیان وادەكات ماددە پارێزەرەكان لە جەستەدا كۆببنەوە و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیادبكەن.

2- گۆشتی لەقوتوونراو دەكوڵێندرێت ئینجا ئامادە دەكرێت، لەكاتی گەرمكردن پڕۆتینەكانی گۆشت گۆڕانكارییان بەسەردادێت، هەروەها بەها خۆراكییەكانی نێو گۆشتەكە وەكو (ڤیتامین بی و سی) كەم دەبێتەوە بەتایبەت ڤیتامین B12 كە گۆشت دەوڵەمەندە بەو ڤیتامینە.

3- بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەوە چەوری نێو گۆشت ئۆكسانی بەسەردادێت، كە یەكێكە لە هۆكارەكانی دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان.

4- گۆشتی لەقوتوونراو بەگەرمی دەكرێتە ناو قوتووەكەی ئەمەش ڕێخۆشكەرە بۆ داخورانی مادەكانی ڕووی قوتووەكە و دەشێت تێكەڵی گۆشتەكە ببێت و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیادبكات.

ئەو ئەندازیارەی خۆراك دەشڵێت: “دەنگۆی بوونی گۆشتی بەراز لەناو گۆشتی قوتوو لە هەرێمی كوردستان زۆر بڵاوە، هەرچەنە بوونی گۆشتی جیاواز یاخود هەر پێكهاتەیەكی دیكە لەناو گۆشتەكە هەبێت و لەسەر ڕووكاری بەرهەمەكە ئاماژەی پێنەدرابێت، رێگە پێدراو نییە و دەچێتە بواری فێڵەوە”.

ئاشكراشی كردووە، بەدواداچوونی وردم بۆ ئەو بابەتە كرد و نموونەی گۆشتەكانم وەرگرت، لە تاقیگەی باوەڕپێكراو لە دەرەوەی وڵات پشكنینمان بۆ بوونی گۆشتی (بەراز، كەر، ئەسپ و ئاژەڵی دیكە) كرد، سەرئەنجام دەركەوت هیچ پێكهاتەیەكی ئەو ئاژەڵانە و ئاژەڵی دیكەش تێكەڵی گۆشتی سووری لەقوتوونراو نەكراوە.

بەگوێرەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، خواردنی ڕۆژانەی 50 گرام كە دەكاتە یەك كیلۆ و نیو گۆشتی قوتوونراو، بەڕێژەی 18٪ مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەكات، هاوكات ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان، كە بەكارهێنانی گۆشتی لەقوتوونراو سنوردار بكرێت یاخود كەم بكرێتەوە.

بانكی ناوەندی كاتی دابەزینی بەهای دۆلاری دیاریكرد
پێشت بانكی ناوەندی كاتی دابەزینی بەهای دۆلاری دیاریكرد
پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەرزی دۆلار و شەڕی بودجە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكاتەوە
دواتر پەرلەمانی عێراق لەگەڵ بەرزی دۆلار و شەڕی بودجە كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكاتەوە
ەیوەندیدار