ئەمریكا هۆشداری سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات


 

بەرپرسانی سەربازی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن و شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانی هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن، لەكاتێكدا هەلومەرجەكان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا سازاون بۆ ئەوەی ڕێكخراوەكە بۆ دووەمجار وەك هێزێكی تیرۆریستی گەورە دەربكەوێت كە هەڕەشە لە سەقامگیری جیهانی دەكات.

ئەو ڕەوشەی ئێستا بۆ گەڕانەوەی ئەو ڕێكخراوە بەهێز دەبێت، بۆ گرووپێكی تیرۆریستی كە سەردەمێك “خەلافەتەكەیان” ڕووبەرێكی بەرفراوانی زەوی لە عێراق و سوریا گرتبوو، كە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆرەوە بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا شكستی پێهێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمزی ئەمریكایی، داعش پلانی هەڵمەتێكی تۆڵەسەندنەوەی كوشندە لە دژی ئەمریكا و هاوبەشەكانی دادەنێت، دوای ئەو هێرشە زۆرانەی ئەمریكا لە ساڵی ڕابردوودا لە سوریا كە بووە هۆی كوژرانی زۆرێك لە سەركردە و بەرپرسە باڵاكانی ڕێكخراوەكە.

ڕەنگە داعش ئەو هێزە نەبێت كە بگەڕێتەوە بۆ نزیكەی دە ساڵ لەمەوبەر، بەڵام بە بوونی هەزاران چەكدار لە ڕیزەكانیدا هێشتا ئەو گرووپە توانای تەواوەتی هەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی كوشندە.

بەشێك لە شرۆڤەكارانی ئەمریكایی هۆشداری دەدەن لە پشتگوێخستنی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە.

كاربەدەستانی خۆجێیی ئەفغانستان ڕایانگەیاندووە، كە هەفتەی ڕابردوو گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێك گرتەئەستۆ كە بووە هۆی كوژرانی چوار كەس و تەقینەوەیەك لە نزیك كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان كە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی چەند كەسێك.

تەقینەوەكەی كابول دوایین هێرشی داعش و لقەكانی لە ئەفغانستان بوو لەو كاتەوەی ئیمارەتی ئیسلامی كۆنترۆڵی وڵاتەكەی كردووە.

بەدناوترین هێرش، تەقینەوە خۆكوژييەكەی مانگی ئابی ٢٠٢١ بوو لە فڕۆكەخانەی كابول لەكاتی كشانەوەی پڕفەوزای ئیدارەی بایدن لە ئەفغانستان، كە ١٣ سەربازی هێزی دەریایی ئەمریكا كوژران.

ئەم هێرشانە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، جەخت لەسەر مەترسییە ڕاستەوخۆكانی داعش دەكەنەوە، بەڵام بەرپرسانی پێنتاگۆن دەڵێن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەبێت لەگەڵ كێشە جددیتر و درێژخایەنەكاندا بجەنگن.

لە دوای وەرگرتنەوەی خاكی عێراق و سووریا لە داعش لە نیوەی كۆتایی دەیەی ڕابردوو، ئەمریكا و هاوبەشە ناوچەییەكانی دەیان هەزار چەكداری داعشیان گرتووە.

كاربەدەستان دەڵێن، تێكچوونی بارودۆخی كەمپی هولی ڕۆژئاوای كوردستان كە شوێنی نیشتەجێبوونی هەزاران هاوڵاتی سووری ئاوارە بووە، دواتر بووە بە شوێنی بەخێوكردنی تیرۆریستان و هەزاران چەكدار و كەسوكاری چەكدارانی داعشی تێدایە، دەگوترێت مەترسییەكی گەورەیە بۆ جیهان كە بەبێ چارەسەر ماوەتەوە.

ڕێگای كەركوك- سلێمانی پەكی كەوت
پێشت ڕێگای كەركوك- سلێمانی پەكی كەوت
دوو تەقەكەر دەستگیركران
دواتر دوو تەقەكەر دەستگیركران
پەیوەندیدار