ئەمریكا پلانێكی نوێ لە ڕۆژئاوای كوردستان جێبەجێدەكات



ئەمریكا لە ڕۆژئاوا بەرەنگاری پلانی توركیا و ڕووسیا و سووریا و ئێران دەبێتەوە

ئەمریكا پلانێكی سەربازی نوێ لە ڕۆژئاوای كوردستان دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە لە دوای شكستی ئەگەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا و هەوڵی نوێی ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشق و مۆسكۆ بۆ سەرلەنوێ گووشارهێنان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بە هەر جۆرێك بێت.

سەرچاوە ئاگادارەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان دەڵێن، هێزەكانی سووپای ئەمریكا لە ماوەی ڕابردوودا بە چەند كاروانێك هێزەكانیان و كەرەستەی سەربازییان لە ڕۆژئاوا زیادكردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەمریكا بە پلانێكی نوێ هێزەكانی لە باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان دابەش دەكاتەوە.

هاوكات سووپای ئەمریكا چەند خاڵ و بنكەی دیكەی سەربازی لە ڕۆژئاوای كوردستان دادەمەزرێنێت.

سەرچاوە مێدیاییەكانی ئەمریكا باسیان لە ئەوەكردبوو، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن هێزێكی گەورەتر لە ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوەپێدەكات.

سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان لەبارەی ئەو جموجۆڵانەی ئەمریكاوە دەڵێن، ئەمریكا، باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان وەك ناوچەی جێ ستراتیژی خۆی دەبینێت، بەتایبەت ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا كە زۆرینەی بەرهەمی نەوتی سووریا ئێستا لە ژێر دەستی سووپای ئەمریكا و هێزەكانی سووریای دیموكراتدایە، بۆیە بەهیچ جۆرێك ئەمریكا ئامادەی سازشكردن نییە لە ئەو ناوچانە.

سەرچاوەكان دەشڵێن، ئەمریكا دەزانێت توركیا بە ئاسانی لێناگەڕێت بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان پشتیوانیكراو لەلایەن ئەمریكاوە لەسەر پێ بێت لە سنوورەكانی باشوورییەوە و هەموو ڕێگایەكی نوێ دەگرێتەبەر بۆ گووشارخستنەسەری، لەنوێترینیشدا هەوڵدانە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتیییەكی ڕووسی و سووری و توركی دژی ڕۆژئاوا، كە ئەمریكا ئەوە بە دژی بەرژەوەندییەكانی خۆی دەزانێت.

سەرچاوەكانی مێدیای توركیا چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاویانكردەوە كە ئەمریكا بەفەڕمی نیگەرانیی خۆی لە نزیكبوونەوەی توركیا و سووریا بە چاودێریی ڕووسیا دەربڕیوە و هۆشداریشی داوە كە ئەمریكا لەگەڵ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان نییە لەگەڵ بەشار ئەسەد لەلایەن هەر دەوڵەتێكەوە بێت.

كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیاش ئەو زانیارییانەیان پشتڕاستكردەوە كە ئەمریكا دژی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەنقەرەیە لەگەڵ دیمەشق، بەڵام بە فەڕمی هیچی بە توركیا نەگوتووە.

تا دێت ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا ڕوو لە زیادبوونە، توركیا زیاتر بە لای ڕووسیادا دەكشێت، لە حاڵێكدا بە ڕای شارەزایان ململانێكانی ئەمریكا و ڕووسیا لە ئۆكراین لە پێكدادانی ڕاستەوخۆ نزیكدەبێتەوە، بۆیە ئەمریكا بە هیچ جۆرێك ڕازی نابێت توركیا بە هاوكاریی ڕووسیا و دیمەشق گووشار بۆ ناوچە جێنفووزەكەی ئەمریكا لە ڕۆژئاوای كوردستان دروستبكات.

سەرچاوەكان دەڵێن، ئەم جموجۆڵە نوێیە سەربازییەی ئەمریكا لەڕۆژئاوای كوردستان لەچوارچێوەی پارێزگاری زیاتری بەرژەوەندییەكانیەتی لەبەرامبەر جموجۆڵی نەیارەكانی لەڕووسیا و توركیا و دیمەشق كە دواجار ئێرانیش ئەو خواستەی هەیە و پێشتریش نەیشاردووەتەوە و بەكردار لە ڕۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان هێزەكانی ئەمریكا و ملیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران هەیە.

پێشتر هەریەكە لە ڕووسیا و توركیا و ئێران و سووریا نەیانشاردووەتەوە كە خوازیاری كشانەوە و كۆتاییهێنان بەبوونی سەربازی ئەمریكان لە ڕۆژئاوای كوردستان، جەنگی داعشیش وە بەهانەیەك بۆ مانەوەی ئەمریكا دەبینن.

 

ساڵی ڕابردوو سەدان پڕۆژە لە دهۆك جێبەجێكراون
پێشت ساڵی ڕابردوو سەدان پڕۆژە لە دهۆك جێبەجێكراون
چارەسەريی قەیرانی دۆلار لەدەستی سوودانیدایە
دواتر چارەسەريی قەیرانی دۆلار لەدەستی سوودانیدایە
پەیوەندیدار