“زۆربوونی تاوان ئاسایشی خێزان و تاک بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات”



ڕاوێژکارێکی خێزانی ڕایدەگەیەنێت، سزانەدانی کۆمەڵێک تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگاوە، کە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیس دەستگیرنەکراون و بەئازادانە لەشار و شارۆچکەکان دەسوڕێنەوە وادەكات، ئاسایشی خێزان و تاک بەرەو تونێلێکی تاریک ببات.

محەمەد گۆمەشینی، کۆمەڵناس و ڕاوێژکاری خێزانی لەبارەی زیادبوونی تاوانەکان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، کوشتنی کچێکی ١٦ ساڵان بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن باوکی لەشاری هەولێر، هەروەها زۆربوونی حاڵەتەکانی کوشتن، کە لەسەرەتای ساڵی نوێ تاوەکو ئەمڕۆ ئەمە چوارەم حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنە، ئەوەمان پێدەڵێت لە کۆمەڵگەی کوردی ئاسایشی خێزان و تاک بەرەو تونێلێکی تاریک دەڕوات.

دەشڵێت: “یەکێک لەهۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ سزانەدانی کۆمەڵێک تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگا، کە لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیس دەستگیرنەکراون و بەئازادانە لەشار و شارۆچکەکان دەسوڕێنەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو تۆمەتبارانە تەنها مەترسی نین بۆ سەر چەند کەسێک، بەڵکو مەترسین بۆ کۆی کۆمەڵگە و ئاسایشی خێزان، بۆیە سەروەر نەبوونی یاسا و دادگا، دەستگیرنەکردنی تۆمەتباران لەلایەن پۆلیس جۆرێک لە فەوزای کۆمەڵایەتی درووست دەبێت، کە لەئەنجامدا ڕێژەی تاوان زیاد دەکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموو لایەک درووست دەکات.

کوشتنی کچێکی ١٦ ساڵان بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن باوکی لەشاری هەولێر، كە دوێنێ‌ ڕووداوەكە ڕوویدا و هاوكات گوژرانی كارمەندێك لە كافتریایەك لە سلێمانی، كاردانەوەی لێكەوتەوە و هاووڵاتیان داوای توندوتۆڵ كردنی ڕێكارە ئەمنییەكان و دەستكراوە كردنی دادگاكان دەكەن لە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بە تۆمەتباران.

توركیا، ٤٤ كۆچبەر لە خنكان ڕزگاركران
پێشت توركیا، ٤٤ كۆچبەر لە خنكان ڕزگاركران
فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە
دواتر فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە
ەیوەندیدار