کەس لە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ناپرسێت



هەر جارێک بیانوویەک بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەهێنرێتەوە، بەڵام بەپێی وتەی پەرلەمانتارێک دەستێک لەپشت ئەم بەرزبوونەوەی نرخەیە.

نرخی بەنزین جێگیری هەمیشەیی نییە، کەس نازانێت کێیە دەستکاری نرخەکە دەکات، هەر ئەوەندە هەواڵێک بڵاودەبێتەوە کە نرخی بەنزین گۆڕانکاری بەسەردادێت، دوای چەند کاتژمێک نرخەکە دەگۆڕێت.

هەرچەندە نرخی نەوتی سپی دابەزیووە، بەڵام نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبووەوە، ئێستا لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە هەزار و ٢٥ دینارە، هەریەک لە موحەسەن و سۆپەریش ٢٥ دینار لە نرخەکەیان زیادی کردووە و موحەسەن بە ١٢٠٠ دینارە و سووپەر بە ١٣٢٥ دینارە.

ئەم گۆڕانکاری و بەرزبوونەوە نرخی بەنزینە، لەلایەن بەنزینخانەکانەوە هەر جارێک هۆکارێکی بۆ دەهێنێرێتەوە، جارێک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، جارێک نەپاڵاوتنی نەوتی ڕەش و بەرهەمنەهێنانی بەنزین لە ناوخۆ، جارێک ڕێگری لە هاتنی بەنزین لە عێراقەوە، جارێک بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

ئەم گۆڕانکارییانە بەبێ هیچ خستنەڕووی بەڵگەیەکی دیار و هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکاری نرخە وایکردووە گومان لە هۆکاری دەستکاری نرخی بەنزین بکرێت، بەشێک لە شۆفێران هۆکارەکەی بۆ بازرگانانی بەنزین و هەندێکیش بۆ حکومەتی دەگێڕنەوە.

شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، کە ئێستا دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئەوەی خستەڕوو، دەستێک لە پشتی ئەم بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەیە.

دەڵێت”هەر ئەو دەستەی کە نایەڵێت ئەو بەنزینەی لە ناوخۆ دەپاڵێورێت بۆ ناوخۆبێت، هەر ئەو دەستەیە کە نرخی بەنزین گران دەکات”.

ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە کە بەدواداچوون بۆ کێشەکانی هاووڵاتیان بکات، بەڵام پەرلەمانیش بێ دەسەڵاتەکراوە، ناتوانێت لە کێشەکانی هاووڵاتیان بکۆڵێتەوە.

لە هەفتەی ڕابردوودا بە بیانووی بەرزبووونەوەی نرخی دۆلار بۆ ١٦٠ هەزار دینار، نرخی بەنزین دووبارە گران كرا، بەڵام لە ئێستادا كە نرخی دۆلار دابەزیوەتەوە و بانكی ناوەندی جەختی لەوە كردۆتەوە، كە نرخەكە دێتەوە ١٤٨ هەزار دینار، بەڵام هێشتا نرخی بەنزین دانەبەزێنراوەتەوە.

بۆ بەدواداچوونی ئەو پرسە (خەڵك) پەیوەندی بە بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانییەوە كرد، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك بدات.

عیراق، دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی خانەنشینان دەستپێدەكات
پێشت عیراق، دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی خانەنشینان دەستپێدەكات
نرخی دۆلار بەشێوەیەكی نائاسایی بەرزبۆوە
دواتر نرخی دۆلار بەشێوەیەكی نائاسایی بەرزبۆوە
ەیوەندیدار