پەڕلەمان لە گەرمەی قەیرانەكاندا پشوو وەردەگرێت



قەیرانەكانی سووتەمەنی، كارەبا، مووچە و بوودجە، هەڕەشەی وڵاتان، دواخستنی هەڵبژاردن و شەڕی حیزبەكان بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و پەرلەمانیش لە پشوودایە.

پەرلەمانی كوردستان پشووی زستانەی خۆی دەستپێكردووە، پشوویەك لە ماوەی درێژكراوەی تەمەنی ئەم خولەی پەڕلەماندایە دوای مشتومڕێكی زۆر، بە ڕای چاودێران دەبووایە پەرلەمان لەماوەی درێژكردنەكەیدا زۆرترین كار وچالاكی هەبووایە، بەڵام ئاسایی پشووی خۆی وەرگرتووە.

لە هەرێمی كوردستان زستانێكی سارد دەستیپێكردووە، نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی نزیكەی 240 هەزار دینارە، نرخی بەنزین بۆ یەك لیتر 1000 بۆ نزیكەی 1500 دینارە، لە زۆر شوێن غاز وەك پێویست دەستناكەوێت، لەكاتێكدا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاو لەباشترین جۆری بە 84 دۆلارە.
تەنگەژەی كارەبا بەردەوامە، لە شەوو ڕۆژێكدا كەمتر لە 10 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاووڵاتیان، سەرەڕای دانانی سیستمی زیرەك و كەمكردنەوەی بڕی كارەبای ماڵان بۆ 30 ئەمپێر و زیادكردنی نرخەكەشی لەسەر هاووڵاتیان.
مووچە وەك پێویست و ڕێك لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێت، دەگوترێت مووچەی مانگێكی فەرمانبەران لەنێوان ساڵانی 2022 و 2023دا دەفەوێت.
لەڕووی سیاسییەوە هەرێمی كوردستان لە لێواری دووئیدارەیی دایە بەهۆی ناكۆكی حیزبە دەسەڵاتدارەكانەوە و بەشێكی شارەكان پشتگوێخراون و ئاستی خزمەتگوزاری بۆ نزیكەی سفر دابەزیوە.
هەڕەشە و گوڕەشەی دەوڵەتانی دراوسێ تا دێت زیاد دەكات، لە چەندین لاوە هێرشكراوەتەسەر هەرێمی كوردستان و قوربانی هەن.
هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەكراوە، نەك وەك وڵاتان هەڵبژاردنی پێشوەختە نەكراوە بۆ چارەسەری قەیرانەكان، بەڵكو هەڵبژاردن دواخراوە و دڵنیاییش نییە دوای ئەو ساڵە هەڵبژاردن بكرێـتەوە.

بۆ ماوەی نۆ ساڵە هەرێمی كوردستان بوودجەی ساڵانەی ئامادەنەكردووە، هیچ ئامادەكارییەكیش نییە بوودجەی ئەمساڵ ئامادە بكرێت.

لەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی نەبوونی پڕۆژە یاسای بوودجە لە هەرێمی كوردستان، كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی بوودجەوە كێشەی گەورە هەیە لە دابەشكردنی داهاتەكان لە هەرێم و پێشتریش وتومانە كە ناكرێت بوودجە نەبرێتە پەڕلەمان، ئێستا ئەو نادادپەروەرییەی لەنێوان شارەكانی هەرێم هەیە دەرئەنجامی نەبوونی بوودجەیە، ئەوە كارەساتێكی گەورەی بۆ دروستكردووین.

دەشڵێت، ئەگەر بودجە هەبێت سەرجەم داهاتەكانی هەرێم لە سندوقێكدا كۆدەكرێنەوە و بە دادپەروەری بەسەر شار و شارۆچكەكاندا دابەشدەكرێن.

سەبارەت بە پشووی یاسادانانی پەڕلەمانی كوردستان، سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پەڕلەمانی كوردستان لە 1\1\2023 ەوە لە پشووی یاساداناندایە، هەتا 1\3\2023 پشووەكە بەردەوام دەبێت.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، بەپێی ماددەی 7 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان، پەڕلەمانی كوردستان لە ساڵێكدا دوو وەرزی یاسادانانی هەیە یەكەمیان خولی بەهارەیە كە لە سەرەتای مانگی سێوە دەستپێدەكات هەتا كۆتایی مانگی شەش، دووەمیان لە سەرەتای مانگی نۆ دەستپێدەكات هەتا كۆتایی مانگی 12 كە بە خولی پایزە ناودەبرێت.

باس لە ئەوەش دەكات، لە نێوان ئەم دوو وەرزەی یاساداناندا پەڕلەمانتار و لیژنەكان لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بەردەام دەبن.

دەشڵێت، هەندێك كەس وادەزانن كە پەڕلەمان دەرگای داخستووە و دەوامی نییە، بەڵام بەو جۆرە نییە و جگە لە پشووە فەڕمییەكان، پەڕلەمانی كوردستان هیچ پشوویەكی نییە و بەردەوام سەرۆكایەتی پەڕلەمان و لیژنەكان و پەڕلەمانتاران لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان بەردەوامن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، پەڕلەمانی كوردستان لە هەر كاتێك و دۆخێك كە پێویست بكات كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات.

سامان ئەحمەد ئەوەش دەڵێت، درێژكردنەوەی وەرزی یاسادان لە كۆبوونەوەی پەڕلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت ، بەڵام پشووی یاسادانان پێویستی بەوە نییە و لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان ئاماژەی پێكراوە و وەرزەكان دیاریكراون.

یەكێتی و پارتی بەردەوام یەكدی تۆمەتبار دەكەن بە هۆكاری چارەسەرنەكردنی كێشەكان، ئۆپۆزسیۆنیش لە هەرێمی كوردستان بێدەنگە و خۆی لە كێشەكان بەدوور گرتووە، تەنها گوتاری مێدییان هەیە.

میدیای فەڕمی بزووتنەوەی گۆڕان كە لایەنێَكی بەشداری حكومەتە دەڵێت، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بەجۆرێكە هیچ كات ئاستی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی وەك ئێستا نەبووە و هەردوولا وەك یەك هۆكاری شكستی حكومەتن و ماوەی یەك ساڵە ناكۆكیەكانیان قوڵتر بۆتەوە.

گۆڕان دەشڵێت، سێ لایەنی پێكهێنەری حكومەت ڕێككەوتبوون یاسای بوودجە بهێندرێتە پەرلەمان بەڵام پابەند نەبوون.

بەپێی میدیای گۆڕان، ناكۆكی پارتی و یەكێتی بووەتە هۆی پەكخستنی پەڕلەمان و حیساب بۆ لایەكانی دیكەی پەڕلەمان ناكەن.

نزیكەی 200 سەرباز و چەكداری توركیا لە عەفرین كوژراون
پێشت نزیكەی 200 سەرباز و چەكداری توركیا لە عەفرین كوژراون
لە عێراق تیرۆریستێكی داعش كوژرا
دواتر لە عێراق تیرۆریستێكی داعش كوژرا
ەیوەندیدار